2010-05-19

دوێنێ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان لە سەلاحەددین، پێشوازییكرد لە خاتوو لوبنا خالید ئەلقاسمی وەزیری بازرگانی دەرەكی میرنشینی عەرەبی یەكگرتوو و شاندێكی بازرگانی و وەبەرهێنانی یاوەری كە پێكهاتبوو لە بەرپرسانی ئیماراتی و ژمارەیەكی زۆری شارەزایانی ئابووری و نوێنەرانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و بازرگان و بزنسمان و كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە كە لە بوارەكانی نەوت و غاز و گواستنەوە و داودەرمان و گەشتوگوزار و پیترۆكیمیاویات كاردەكەن. لە دانیشتنێكدا، كە بەڕێزان وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت ئامادەیبوون، سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی وەزیری بازرگانی دەرەكی میرنشینی عەرەبی یەكگرتوو و شاندە یاوەرەكەی، ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و میرنشینی عەرەبی یەكگرتوو كرد و هیوای خواست كە ئەو پەیوەندییانە بگەیەنرێنە ئاستێكی زۆر بەرزەوەو سوود لە ئەزموونی بێ هاوتای ئەو وڵاتە بگیرێ، چونكە چەندین خاڵی هاوبەش و زەمینەی لەباری بەیەكەوە كاركردن لە ئارادایە. لەلایەن خۆیەوە، خاتوو لوبنا خالید ئەلقاسمی وەزیری بازرگانی دەرەكی میرنشینی عەرەبی یەكگرتوو، سوپاسگوزاریی خۆی پێشكەش بە سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو دیدارە و خۆشحاڵی خۆیشی بۆ ئەو سەردانەی بۆ هەرێمی كوردستان نیشانداو ڕایگەیاند، كە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا پەیوەندییەكی تازە نییە و هیوای خواست لە داهاتوودا بتوانن پەرە بەو پەیوەندییانە بدەن و بەشداریی لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستاندا بكەن. جێگەی باسە، خاتوو لوبنا خالید ئەلقاسمی وەزیری بازرگانی دەرەكی بە یاوەری شاندێكی گەورە، پاش نیوەڕۆی دوێنێ گەیشتنە هەولێری پایتەخت و لەلایەن بەڕێزان سینان چەلەبی وەزیری پیشەسازیی و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و هێرش موحەرەم سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و باڵیۆزی ئیمارات لە ئێراق لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازییان لێكرا.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌