2010-05-19

وته‌بێژی پێشووی فڕاكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستانی ئاشكرایكرد، ڕێككه‌وتنێكی مه‌بده‌ئی هه‌یه‌ له‌ نێوان كوتله‌ براوه‌كان بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كاندیده‌كانی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌.

فریاد ڕه‌واندزی وته‌بێژ و ئه‌ندامی پێشووی فڕاكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستانی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێراقی فیدراڵ ڕایگه‌یاند؛ ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی جیاكردنه‌وه‌ و هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كانی به‌غدا، كوتله‌ سیاسییه‌كانی ناچاركرد،  كه‌ به‌ زووترین كات هه‌ڵوێسته‌كانیان یه‌ك بخه‌ن و كۆتایی به‌ ناكۆكییه‌كان بهێنن له‌ باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو.

ڕه‌واندزی ئاشكراشی كرد، ڕێككه‌وتنێكی مه‌بده‌ئی هه‌یه‌ له‌ نێوان كوتله‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كاندیده‌كانی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تی(كۆمار، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران)، پێش ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی نوێ ئه‌نجام بدرێت.

ڕاشیگه‌یاند؛ تا ئێستاش له‌ نێوان ئه‌لێعراقیه‌ و ده‌وڵه‌تی یاسا و ئیئیتلافی نیشتیمانی له‌ باره‌ی سه‌رۆكایه‌تی كردنی حكومه‌تی داهاتوو ناكۆكی هه‌یه‌.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌