2010-05-19

هیلاری کلینتۆن  وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا رایگه‌یاندووه، سه‌ره‌ڕای رێککه‌وتننامه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ تورکیا و برازیل سه‌باره‌ت به به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌که‌ی، پێنج ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، له‌سه‌ر ره‌شنووسی سزادانی ئێران رێککه‌وتوون.

به پێی هه‌واڵێکی بی‌بی‌سی، کلینتۆن گوتوویه‌تی، ده‌قی ئه‌م رێککه‌وتنه   ده‌درێته‌ 15ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان که تورکیا و برازیلیش ده‌گرێته‌وه.

به گوته‌ی پسپۆڕان، ئه‌م رێککه‌وتنه، وه‌ڵامێکی نه‌رێنییه بۆ رێککه‌وتنه‌که‌ی   ئێران و تورکیا و برازیل له‌سه‌ر به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌که‌ی ئێران.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا گوتی: هه‌رچه‌نده چین زۆر له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه رازی نه‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته و روسیا له‌سه‌ر ره‌شنووسی سزاکانی دژی ئێران رێککه‌وتووین.

کلینتۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که ئه‌مه‌ریکا هێشتا پرسیاری زۆری سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تیی گۆڕینه‌وه‌ی یۆرانیۆم له ئێران هه‌یه.

هیلاری کلینتۆن گوتی:  وڵاته به‌هێزه‌کان هه‌وڵه‌کانی خۆیان بۆ هاوڕێ کردنی کۆمه‌ڵگای جیهانی بۆ ده‌رکردنی بڕیارنامه‌یه‌ک دژی ئێران، خستۆته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامێکی روون بده‌ین به ئێران .

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌