2010-05-19

به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح و لوبنا خالید ئه‌لقاسمی وه‌زیری بازرگانیی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی میرنشینه‌ یه‌كگرتووه‌كانی عه‌ره‌ب - ئیمارات و به‌ ئاماده‌بوونی بازرگانانی هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات، سه‌ر له‌ به‌یانی ئه‌مرِۆ (19/5) كۆنفرانسی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات له‌ هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵا له‌ هه‌ولێری پایته‌خت ده‌ستیپێكرد.
له‌ وتارێكدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح رایگه‌یاند، ئێمه‌ ئومێده‌وارین ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ برِه‌خسێنیین و بۆ وتوێژ و كاری هاوبه‌شی نێوان گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و پێشخستن و دابینكردنی ژیانێكی ئازادانه‌ و سه‌ربه‌رزانه‌ بۆ هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان.
گوتیشی  له‌ سه‌ردانی دواییمدا بۆ ئیمارات ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ گه‌ڵاڵه‌ كرا و لێره‌وه‌ من زۆر سوپاسی ته‌واوی به‌رپرسانی باڵای ئیمارات ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان ره‌خساند و روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانمان پێشبخه‌ین و گه‌شبینیشم به‌ په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئیمارات".
گوتیشی: كورد له‌ رابردوودا قوربانیی زۆری داوه‌ و له‌م وڵاته‌دا ئازاری زۆری بینییوه‌، به‌ڵام له‌ دوای رووخانی رژێم ئێمه‌ ئاسۆیه‌كی نوێمان كرده‌وه‌ و ئومێدمان وایه‌ قه‌ره‌بووی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ستمان چون و بۆیه‌ش كاركردنی به‌ یه‌كه‌وه‌یی بنه‌مای سیاسه‌تمانه‌ و له‌وبرِوایه‌داین كه‌ كاركردنی كورد و عه‌ره‌ب به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ عێراقدا گره‌نتییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ وێرانكاری روو نه‌كاته‌وه‌ ئه‌م وڵاته‌مان.
هه‌روه‌ها گوتی له‌ 1991 ئێمه‌ له‌ زۆر پێشكه‌وتنی دنیا بێبه‌ش بووین و كورد و هه‌رێمه‌كه‌مان چه‌ندین كۆسپی له‌ رێگه‌دا بوو، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ توانییمان به‌ هه‌وڵی حكومه‌تی خۆمان پێشكه‌وتن به‌دی بهێنیین و بۆ نموونه‌ له‌ 1991 ئێمه‌ ته‌نها یه‌ك زانكۆمان هه‌بوو كه‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین بوو، به‌ڵام ئێستا ئێمه‌ 7 زانكۆمان هه‌یه‌ و ته‌نها ئه‌مساڵ به‌ردی بناغه‌ی چوار زانكۆمان داناوه‌ و له‌ ئه‌مساڵیشدا ئێمه‌ هه‌ڵمه‌تی نیشتمانییمان بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خوێندن ده‌ستپێكردووه‌ و بودجه‌یه‌كی 120 ملیار دیناریمان ته‌رخانكردووه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی تواناسازی قوتابیانمان و ناردنییان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح گوتیشی   له‌ كوردستان ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ بۆ وه‌ربه‌هێنه‌رانی بیانی و كوردستان به‌شێكه‌ له‌ بازارێكی گه‌وره‌تر كه‌ ئێراقه‌ و ئه‌وه‌ی ئه‌مرِۆ له‌ هه‌رێمی كودستان به‌دیهاتووه‌ به‌شێكی ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ ده‌گه‌رِێته‌وه‌ بۆ كه‌رتی تایبه‌ت و ئه‌و به‌شدارییه‌ كارایه‌ ئه‌و كه‌رته‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردوویه‌تی".
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دكتۆر به‌هه‌م روونیشیكرده‌وه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت كوردستان بكه‌ینه‌ خاڵی یه‌كگرتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌واوی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری زیاتره‌وه‌ ده‌بێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئێمه‌ هه‌وڵی خۆمان خستوه‌ته‌گه‌رِ.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دكتۆر به‌هه‌م گوتی " ئێمه‌ هه‌ندێك بۆچوونمان هه‌بوو بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌وت و خۆشبه‌ختانه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی حكومه‌تدا هه‌ندێك برِیاری گرنگمان داوه‌ و چه‌ند پێشنیازێكی به‌ سوود ده‌خه‌ینه‌رِوو به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن و هیواداریشین وه‌زاره‌تی دارایی ئێراق له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا رۆڵێكی ئیجابی بگێرِێت و بتوانیین بگه‌ینه‌ ئه‌و برِیاره‌ی كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا سه‌رله‌نوێ نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ و داهاته‌كه‌ی به‌هه‌مان شێوه‌ بخرێته‌وه‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی عێراق".

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌