2010-05-19

وه‌زاره‌تی‌ شاره‌وانی‌ و گه‌شتوگوزاری‌ هه‌رێم چه‌ندین مه‌رج و ڕێگا بۆ به‌ ستانداردكردنی‌ هۆتێل و كۆمپانیا و شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دیاریده‌كات.
مه‌وله‌وی‌ جه‌بار، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ گه‌شتوگوزاری‌ هه‌ولێر به‌ رۆژنامه‌ی ئاسۆی‌ ڕاگه‌یاندوه‌:  له‌پێناو به‌ڕێوه‌چوونی‌ كاروباری‌ كه‌رتی‌ گه‌شتیاری‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌ و پێدانی‌ ڕۆڵ و كار به‌ ده‌رچووانی‌ په‌یمانگاكانی‌ گه‌شتوگوزار، هه‌ستاوین به‌ ده‌ركردنی‌ چه‌ند ڕێنمایی‌ و مه‌رجێك بۆ هه‌موو هۆتێل و كۆمپانیا و شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی‌ هه‌رێم به‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌بێت له‌مه‌ودوا ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ بواری‌ گه‌شتیاری‌ كار بكه‌ن یان كارده‌كه‌ن، له‌ 30%ی‌ كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ره‌كانیان بڕوانامه‌ی‌ گه‌شتیاریان هه‌بێت.
وتیشی‌:  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ست ده‌كه‌ین به‌ جێبه‌جێكردنی‌ به‌رنامه‌یه‌ك به‌وه‌ی‌ هۆتێل و بنكه‌ و شوێن و كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كان پێویستیان به‌ چه‌ند فه‌رمانبه‌ری‌ ئه‌كادیمی‌ ده‌رچووی‌ گه‌شتیاری‌ هه‌یه‌ تا به‌پێی‌ پێویست و ئاستی‌ شاره‌زایی‌ كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ر به‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌دا دابه‌ش بكه‌ین .
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گه‌شتوگوزاری‌ هه‌ولێر ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، به‌نیازن ساڵانه‌ به‌پێی‌ به‌رنامه‌یه‌ك ڕێژه‌ی‌ كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانی‌ ئه‌كادیمی‌ شوێنه‌ گه‌شتیاریه‌كان زیاتر بكه‌ن كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ وێڕای‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ هه‌لی‌ كار په‌ستانی‌ داواكاری‌ دامه‌زراندن له‌ سه‌ر كه‌رتی‌ حكومیش كه‌مده‌بێته‌وه‌. 

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌