2010-05-19

هاوڵاتیانی بەڕێز، خوشك و برایانی خۆشەویست
ئێمە لە كاتێكی هەستیارداین و زۆر بابەتی گرنگی نەتەوەیی پەیوەست بە بەرژەوەندیی گەلەكەمان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا لە كایەدان. كە لە پێناویاندا پێویستیمان بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی و هەستكردن بە بەرپرسیارەتی مێژوویی هەیە. مەترسی و پیلان و هەڕەشەی تێكدانی بارودۆخی عێراق بە گشتی و كوردستان بەتایبەتیش لەناو نەچوون و پێویستیمان بە وریایی و هاودەنگی هەیە.
لەو كاودانەدا، بەداخەوە لە ماوەی رابردوودا دەستی تیرۆر، گەیشتە گیانی قوتابی سەردەشت و رووداوەكە هەموومانی دڵگران كرد و لێرەوە جارێكی تریش تیرۆركردنی قوتابی سەردەشت و هەموو جۆرە كردەوەیەكی تیرۆریستی ریسواو شەرمەزار دەكەم. هەر چەندە بەداخەوە لە ناوچەكانی دیكەی عێراقدا رۆژانە شەپۆلی رەشی تیرۆر، گیانی چەندین رۆڵەی ئەم وڵاتە دروێنە دەكات، كوردستانمان ئاسایش و سەقامگیرییەكی بەرچاوی پێوە دیارە. راهاتنمان لەم كەشە سەقامگیرە، وایكرد لە دەستدانی گەنجێكی ئەم وڵاتە ببێت بە رووداوێكی كاریگەر و بەرجەستە و كاربكاتە سەر ناخی هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە.
چاوەڕوانیی هەموومان لە دامودەزگاكانی بەرپرس لە ئاسایش و هێمنایەتی وڵاتەكەمان ئەوەیە، كە رێگە نەدەن بە هیچ شێوەیەك رووداوی لەم چەشنە دووبارە ببنەوەو دامودەزگاكانی بەرپرس، بەو پەڕی لە خۆ بوردن و بەرپرسیاریەتیەوە ئەنجامدەرانی ئەم كردەوە قێزەوەنانە ئاشكرا بكەن و رادەستی یاسایان بكەن.
بەرپرسی یەكەم لە ئاسایشی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمە. بەرگریكردن لە ماف و پاراستنی ژیانی هەموو كەسێك، چ ئەوانەی پاڵپشت و هاوهەڵوێستن لە گەڵیدا و چ ئەوانەی هەڵوێستی پێچەوانەیان هەیە، بە ئەركی خۆمی دەزانم و با كەس موزایەدەمان لەسەر نەكات. بۆیە هیوادارم هیچ كەس و لایەنێك لەمپەر نەخاتە بەردەم كاری ئەو دەزگا فەرمیانەی ئەركی بەدواداچوونی ئەمجۆرە كەیسانەیان لە ئەستۆیە.
هەست دەكرێت لە ئەنجامی تۆمەتباركردنی بێبنەما و بێبەڵگە و بە سیاسی كردنی رووداوەكە، بارێكی هەستیار خوڵقاوە و هەروەها كاروكاردانەوەی راگەیاندنیش گەیسشتۆتە ئاستێك كە نیگەرانیی لێكەوتۆتەوە.
لەكاتێكدا داوا دەكەم هەموو لایەك بە هەستی بەرپرسیاریەتیەوە رەفتار بكەن و بە ئازادی راو رەخنەكانی خۆیان دەرببڕن، لە هەمانكاتیشدا رەوشتی كوردایەتی و رۆژنامەنووسی بپارێزن و بێ ئاشكراكردنی بەڵگەش كەس تۆمەتبار نەكرێت.
هەر كاتێ بەڵگەی سەلمێنەریش لەسەر هەر كەس و رێكخراو و پێكهاتەیەك خرایە روو، دەبێ گشت لایەك لەمنەوە تا هەر تاكێكێ كۆمەڵگا ملكەچی یاسا بن و گەر بخوازێت لەبەردەم دادگا ئامادە بن. كەسیش لە سەرووی یاسایەوە نییە و ئەوانەی تۆمەتی بێبنەما بۆ لایەن یان كەسێك دروست دەكەن بەهەمان شێوە پێویستە بەرێگەی یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.
لە كۆتاییدا داوا دەكەم رێز لە یاسا و بەرهەمی خوێنی شەهیدان بگیرێت و هەموو لایەكیش دڵنیابێت كە كوردستان سەقامگیرە و ئاسایشی هاووڵاتیان پارێزراوەو رێگە نادەین هیچ كەس و لایەنێك مەترسی لەسەر ئەزموونەكەمان دروست بكات. هیوادارم بۆ رەواندنەوەی ئەو نیگەرانیانەی هاتوونەتە ناوە، هەموو لایەك بەدان بەخۆدا گرتن و پەیڕەوكردنی لۆجیك، هەوڵی هێوركردنی ئەم كەشە بدەن و لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا بن و هاووڵاتیانیش بەوپەڕی تواناوە هاریكاری لێژنەی لێكۆڵینەوە بكەن بۆ گەیشتن بەو راستییەی كە هەموومان مەبەستمانە.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
19/5/2010

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌