2010-05-23

به‌گوێره‌ی بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌نی یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ تۆپی پێ كه‌ بڕیاره‌ له‌یارییه‌كانی جامی جیهانی ساڵی 2010 په‌یڕه‌و بكرێت، چیتر یاریزانان رێگه‌یان پێ نادرێت له‌كاتی لێدانی سزای راسته‌وخۆ جموجۆڵی فێڵبازانه‌ له‌به‌رامبه‌ر گۆڵچیدا بنوێنن، چونكه‌ ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌ پێی وایه‌ ئه‌م جۆره‌ جوڵانه‌ له‌ره‌فتاری وه‌زرشییه‌وه‌ دووره‌.

به‌گوێری ئه‌م بڕیاره‌ هه‌ر یاریزانێك جوڵه‌یه‌كی له‌م جۆره‌ بنوێنێت، ئه‌وه‌ یاریزانه‌كه‌ ده‌ست به‌جێی له‌لایه‌ن ناوبژیاوانی یه‌كه‌مه‌وه‌ رووبه‌ڕووی كارتی زه‌رد ده‌بێته‌وه‌ و لێدوانی سزاكه‌ش دووباره‌ ده‌كرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها گۆڕانكارییه‌كی دیكه‌ كه‌ له‌ یارییه‌كانی جامی جیهانی تۆپی پێی ئه‌مساڵدا كراوه‌ ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناوبژیوانی چواره‌م كه‌ سه‌رپه‌رشتی ئالۆگۆڕپێكردنی یاریزانان و دیاریكردنی ره‌فتاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاریگا ده‌كات، بۆكۆنترۆڵكردنی ره‌وشی ناو گۆڕه‌پانی یاریگا ده‌سه‌ڵاتی زیاتری پێ ده‌به‌خشرێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك هاوكارییه‌كی پاڵپشت بۆ ناوبژیوانی ناو یاریگاكان.

دواهه‌مین گۆڕانكاریش كه‌ له‌مه‌ودا له‌ناو یاریگاكانی تۆپی پێ دا ده‌كه‌وێته‌ به‌رچاو، كارپێكردنی دوو ناوبژیوانی هاوكاری سه‌ر هێڵی یاریگاكان ده‌بێت، جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیاره‌ش له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌شێوه‌یه‌كی خۆبه‌خشانه‌ ده‌بێت، واته‌ جێبه‌جێكرنی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ و یه‌كێتییه‌كانی تۆپی پێی جیهان به‌شێوه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ده‌بێت، به‌و مانایه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر له‌حاڵه‌تێكدا له‌ هه‌ر خولێكی تۆپی پێدا كار به‌و سیسته‌مه‌ نوێیه‌ كرا ده‌بێت له‌ سه‌رتاوه‌ تا كۆتایی خوله‌كه‌ په‌یڕه‌ و بكرێت.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌