2010-05-24

ڕێبازی پارتی و بارزانیی نەمر ڕێبازێكی نەتەوەیی و نیشتیمانییە، بۆیە خەڵكانێكی دوور لەبڕوای نەتەوەیی و نیشتیمانی پارتی بەمەترسی لەسەر خۆیان دەزانن و بەهەموو شێوەیەك هەوڵی دژایەتیی دەدەن

خەبات: محەمەد زەنگەنە

 

لەگەڵ هەر پەرەسەندنێكی پۆزەتیڤانەی ڕەوشی كوردستان لەبوارە جیاجیاكاندا ناوە ناوە چەند دەنگێكی نەشاز لێرەو لەوێ دەیانەوێ بەهەر شێوەیەك بێت گورز لەدژی هەر پێشكەوتنێك بوەشێنن بۆ خزمەتی مەرامێكی تایبەتیی خۆیان بەفیتی لایەنی دەرەكی كەلەبەرژەوەندیی ئەودا نییە كوردستانێكی ئارام وپێشكەوتوو بێتەدی.یەكەمین ئامانجی ئەو دەنگە نەشازانەش پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانییە،ئەم ڕەفتارەش بێگومان لاوازی و بێ دەسەڵاتیی ئەو كەسانە نیشاندەدات كە خزمەت ونۆكەریی ئەوان بۆ دوژمنانی كوردستانە بەڵام بەدرێژایی مێژوو سەلمێنراوە بۆ تاكە ساتێكیش خیانەت لە كوردستان بۆ هیچ كەسێك ناچێتە سەر و هەركەسێك ئەو ڕەوتە بگرێت لە فەشەل زیاتر هیچی بۆ نابێت. لەمبارەیەوە عەلی حوسێن بەرپرسی لقی 10 لەدیمانەیەكی تایبەت بەخەبات دووپاتیدەكاتەوە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ونیشتیمانی ئەركی هەموو لایەكمانەو تۆمەتباركردنی پێشوەختە هیچ خزمەتێك بەڕەوشی كوردستان ناكات.

 

چاوەڕوانیی كاردانەوەی لەمجۆرە دەكرا

 

هێزی پارتی دوای 64 ساڵ ومانەوەی بەمشێوەیە وەكو حزبێكی خۆشەویست وجەماوەری بەتایبەتی دوای هەردوو پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 2009/7/25 و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراقی فیدراڵ لە2010-10 پەیامێكی زیندووی خۆشەویستیی ئەو خەڵكە بوو بۆ حزبێك كە هەمیشە كوردایەتیی كردۆتە پرەنسیپی كارەكانی وهەمیشەش لەسەر ئەم ڕێگەیە دەڕوات، عەلی حوسێن بەرپرسی لقی 10 پێی وایە بێگومان كاردانەوەی لەمجۆرە چاوڕواندەكرا چونكە جەماوەری كوردستان سەلماندی كێ خۆشەویستە لەلای ئەو.

 

عەلی حوسێن گوتی: ئێمە چاوەڕوانمان دەكرد بەمشێوەیە هێرش بكرێتە سەر پارتی وسەرۆك بارزانی بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وسەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی سەرۆك بارزانی 70٪ ی دەنگی جەماوەری بەدەستهێنا، لەلایەكی دیكەشەوە لەدوایین هەڵبژاردندا پارتی ژمارەیەكی زۆری بەدەستهێنا بۆیە لەهەر ساتێك چاوەڕوانی ئەو كاردانەوەیە دەكرا چونكە ئەوان وایان دەزانی نەوەی ئێستا دەنگ بەپارتی نادات بەبیانووی ئەوەی نەوەیەكی تووڕەیە.

 

ڕێبازی پارتی و بارزانی ڕێبازێكی نەتەوەیی و نیشتیمانییە

 

كاتێك بارزانیی نەمر بۆ سەرخستنی كۆماری كوردستان لەمهاباد لەگەڵ پێشمەرگەكانی خۆی كۆبۆوە، هەموو لایەك بەڵێنیان دا بەگیانفیدایی بەرگری لەكوردستان بكەن ویان كوردستان یان نەمانیان كردە دروشمی خۆیان بۆ خەباتی كوردایەتییان، هەرلەسەر ئەم ڕێبازەش بارزانیی نەمر پارتی دیموكراتی كوردستانی دامەزراند وكوردایەتیی كردە پرەنسیپی سەرەكیی خۆی.

 

بەرپرسی لقی 10دووپاتیدەكاتەوە هەبوونی ڕێبازێكی لەمجۆرە بێگومان كەسانێكی دوور لەم پرەنسیپانە تووڕە دەكات ووادەكات خاوەنی ئەم ڕێبازە بەمەترسی لەسەر خۆیان بزانن وگوتی: ڕێبازی پارتی وبارزانیی نەمر ڕێبازێكی نەتەوەیی ونیشتیمانییە بۆیە خەڵكانێكی دوور لەبڕوای نەتەوەیی ونیشتیمانی پارتی بەمەترسی لەسەر خۆیان دەزانن وبەهەموو شێوەیەك هەوڵی دژایەتیی دەدەن بەكۆكردنەوەی ڕاوبۆچوونی كەسانێكی نزیك لێیانەوەو دروستكردنی فەزایەك لەفەوزاو ئاشووب وتێكدانی سەقامگیریی كوردستان.

 

پێشموایە ئەو ڕەفتارانەی ئەوانە دەیكەن تەنها بەدەستی ناوخۆیی ئەندام ولایەنگرانیان نییە بەڵكو دەستی دەرەكیشی لەپشتەوەیە.

 

هەولێر بۆ هەموو كوردێك پیرۆزە

 

بەرپرسی لقی 10 ئاماژەی بەوەدا هەموو شاروشارۆچكەكانی كوردستان بۆ كورد پیرۆز وخۆشەویستن بەڵام پیرۆزیی هەولێر لای هەموو كوردێك پیرۆزییەكی تایبەتە چونكە هەولێر قەڵای كوردایەتی و دڵسۆزیی نیشتیمانیی ونەتەوەییە بۆ هەموو تاكێكی كورد وهەموو تاكێكی كوردیش شانازی بەوشارە پڕ لەسەربەرزییە دەكات.

 

عەلی حوسێن گوتی: هەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستان بۆ ئێمە پیرۆزن وخۆشەویستن، بەڵام هەولێر ناوەندێكی سیاسی ونەتەوەیی گەورەیە وئەمڕۆش بۆوەتە سەنتەرێكی گەورەی بازرگانی وجموجۆڵی ڕۆشنبیری وسیاسی وهەموو كوردێك لەهەر 4 پارچەی كوردستان وتەنانەت كەسانی غەیرە كوردیش چاویان لەهەولێرە وەكو سەنتەری بڕیاری سیاسیی كورد وهەرتاكێكی كورد ئەو شارە بەئومێدی ئایندەی كوردستان دەزانێت، پێشڤەچوون وبووژانەوەی كوردستان لەهەولێرەوە دەستپێدەكات بۆیە بێگومان كەسانێك كەبیانەوێ ئەزموونی كوردستان ناشیرین بكەن لەیەكەمین هەنگاویاندا لەسەنتەری بڕیارەوە دەستپێدەكەن وهەوڵدەدەن لەرێگەی قسەو بوختانەكانیان ئەم شارە ناشیرین بكەن وخەڵكەكەشی بەدواكەوتوو لەقەڵەم دەدەن.

 

لەوەش گرنگتر ئەمڕۆ پارتی ویەكێتی بەپلەیەك ڕابەرایەتیی ئەزموونی ئەمڕۆی سیاسیی كوردستان دەكەن و بنكەی سەرەكیی ئەو ڕابەرایەتییەش هەولێرە وسەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستانە بۆیە هەنگاوە سەرەتاییەكانی ئەم ئاژاوەیەی دەیانەوێ لەهەولێرەوە دەستپێدەكات.

 

دووپاتیشیدەكەمەوە ئەم ڕەفتارە دەمێكە پلانی بۆ دادەڕێژرێت نەك بۆ خۆشەویستیی كوردستان بەڵكو لەڕق وكینەیان بەرامبەر بەهەولێر وەك عەرب دەڵێت:( لا حبا بعلی انما كرها بمعاویە).

 

پارتی لەمیدیای ئازاد ناترسێ

 

چاونەترسی یەكێكە لەوسیفەتانەی پارتی لەسەرەتای دروستبوونیەوە پێی ناسراوەو وهەموولایەكیش شایەدیی ئەو سیفەتانەی پارتی دەدەن و لەهەموو قۆناغەكانی مێژووی خۆیدا پارتی چاونەترسانە داكۆكیی لەسەوابیتە نەتەوەیی ونیشتیمانییەكانی كوردستان كردووە.

 

بۆیە كاتێك كەسانێك دەڵێن پارتی لەمیدیای ئەهلی دەترسی زۆر لەڕاستییەوە دوورە چونكە وادیارە ئەوان هێشتا پارتی ناناسن.

 

عەلی حوسێن جەخت لەسەر هەبوونی ئازادییەكی تەواو بۆ میدیا دەكات بەدوور لەهەر سانسۆرێكی حزبی وحكوومەی ودووپاتیدەكاتەوە پارتی هەمیشە بەرگریی لەمیدیای ئازاد كردووەو بەردەوام یارمەتیدەری پێشكەوتنی میدیاییە.

 

عەلی حوسێن گوتی: وەكو كادیرێكی پارتی قەناعەتم وایە پێویستە هەموو لایەكمان دەرگا بۆ ئازادیی میدیا واڵا بكەین وهەمیشە ڕێگە خۆشكەربین بۆ میدیایەكی ئازاد وسەركەوتوو دوور لەهەر ڕێگری وكۆت وبەندێك، پارتی هەر لەدوای 1991ەوە كەلەنێو دەسەڵاتدا بووە چەندین یاسای گرنگ وڕێگەدەر بەكاری میدیای ئازاد ودوور لەهەر شێوازێكی دیكتاتۆری لەسایەی ئەودا دەرچووە هەمووشمان شانازیی پێوە دەكەین.

 

من لێرەدا دەپرسم كێ ئەو فەزا ئازادەی بۆ میدیا دروستكرد؟ ئەگەر پارتی لەمیدیا بترسابوایە بەتایبەتی لەمیدیای ئازاد چۆن ئەو كەشوهەوایە ئازادەی بۆ كاری میدیایی دروستدەكرد كەڕۆژنامەنووس بەوپەڕی ئازادییەوە شت بنووسێت وبواری بۆ فەراهەم بكرێت؟

 

بەبۆچوونی من بوونی میدیا ئازاد لەبەرژەوەندیی ئەزموونی كوردستانەو لەبەرژەوەندیی هەموو كوردێكە باڵام ئێمە باسی میدیایەك دەكەین كە خۆی بەبەرپرس بزانێ لەبەردەم مەسەلە نەتەوەیی ونیشتیمانییەكاندا ولایەنی ڕاست وچەوت نیشانبدات ڕەش بەڕەش وسپی بەسپی ببینێت وهەوڵی چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان بدات نەك ئیستیغلالكردنی هەر ڕووداوێك وقۆستنەوەی وبەكارهێنانی وەكو مەبەستێكی سیاسی، بەڵام لەگەڵ ڕێزم بۆمیدیای ئازاد وپیرۆزیی میدیا كەسانێك هەن دوور ونزیك لەكاری ڕۆژنامەگەری نازانن وخۆیان وەكو لێكۆڵەرەوەو بیرمەندو ڕۆژنامەنووس نیشاندەدەن بەبێ ڕەچاوكردنی ئەو پڕەنسیپانەی لەكاری ڕۆژنامەوانیدا هەیە وهەركەسێك بەهەوەسی خۆی قسە دەكات تەسەوریش دەكەم بیانووی ترسی پارتی لەمیدیای ئازاد قۆستنەوەی مەسەلەكەیە بۆ مەرامێكی تایبەتیی دوور لەهەر پرەنسیپێكی یاسایی وئەخلاقی ئەگینا پارتی لەهیچ كەسێك ناترسیت.

 

بینینی ڕاستییەكان

 

وەكو خۆی

 

تائێستاش بەئاراستەیەكی هەڵەوە هەوڵی تێكدانی هێمنی و ئارامیی كوردستان دەدرێت وهەوڵی بێ وچان بۆتێكدانی ڕەوشی شاری هەولێر بەتایبەتی دەدرێ، بۆیە لێرەدا پێویستە خەڵكی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانییەوە دان بەخۆدابگرن وڕاستییەكان وەكو خۆی ببینن بەدوور بوون لەهەر هەڵچوونێكی بێ واتا كە هزرە تاوانكارییەكانی نەوشیروان بەسەر خەڵكی بڵاوی دەكەنەوە.

 

لەمبارەیەوە بەرپرسی لقی 10 گوتی: ئێمە هیچ كاتێك ئینكاریمان لەبوونی هیچ لایەنێك نەكردووەو هەمیشەش ڕێزمان لە بۆچوونی ئەو خەڵكە گرتووە كەدەنگیان بەهەرچ لایەنێك داوەوناشكرێ بەشێوەیەكی وا مامەڵە لەگەڵ خەڵك بكەین كەهەموویان بەنەفام ونەخوێندەوار لەقەڵەم بدەین.

 

پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی ونەتەوەیی ئەركی هەموو لایەكمانەو ناكرێ ئەو پیرۆزییەو ئەو ئەركە بۆ مەرامی تایبەتی بقۆزرێتەوە چونكە كوردستان زۆر لەوە گەورەترە كە بۆ بەرژەوەندیی تاكە كەس ولایەنێك باسی لێوەبكرێ.

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌