2010-05-25

دیارە رەخنەگرتن ئەگەری لەپێشی راستكردنەوەی لەنگیەكان و هۆی پێشڤەچوونە، بەتایبەتیش بۆ وڵاتێكی كارەستباری وەكو ئێمە كە بێگومان دەخوازێ هەموو ئەو رەخنەو لەسەر ڕاوەستانانەی كەناڵەكان نەمازە ئەوانەی خۆیان بە (ئەهلی) و (سەربەخۆ) ناساندووە كە پێویستە ئەگەر وەك دەڵێن (سەربەخۆ)ن و بابەتیانە بڕواننە شتگەل و ڕووداوەكان و بابەتیانەش كەموكورتیەكان دیاری بكەن و بە ئیتیكێكی بەرزەوەش هەڵسوكەوت لەگەڵ هەواڵ و رووداوەكاندا بكەن، كە ئەمەش دواجار لەبەرژەوەندی هەموو لایەكدایە، بەخودی ئەو كەناڵە خۆیشی یەوە، هەروەها لەبەرژەوەندی ئەزموونی كوردستانیش دەشكێیتەوە ئەگەر هەركەس و لایەن و كەناڵێكی راگەیاندن خۆی بە خەمخۆرو بەخاوەنی ئەم نیشتمانەو ئەم ئەزموونە بزانێ.

لەلایەكی دیكەوەو هەر لێرەشدا نابێت ئەوەمان لەلادا بڕابێتەوەو وەك شتێكی كۆتایی هاتوو كەتەنیاو تەنیا دەسەڵات و لایەنە سیاسیەكان پێویستیان بە رەخنە لێگرتنە، دەبێ دەزگاو دامەزراوەكانی دیكەش لەوانیش دامەزراوەكانی راگەیاندن هەمیشە ئەوەیان لەبیرنەچێتەوە هەڵوەستە لەڕاست كارەكانی خۆیاندا بكەن، بەتایبەتیش كە دەزگاو دامەزراوەكانی راگەیاندن ئەمڕۆ لە كوردستان بەو ئاراستەیە چووە كە بەداخەوە جێگای دڵخۆشی نییە، لێرەدا و بەچاوپۆشین لە زۆری و بۆری، ئەوەی كە لە هەمووان خۆی بە (سەربەخۆ)تر دەزانێ، سەیر دەكەی لە هەمووان لایەندارتر دەردەكەوێ..

بەمانایەكی دیكە ئەوەی ئەمڕۆ لەلایەن ئەو گۆڤار و رۆژنامانەی خۆیان بە ئازاد و بێلایەنی ناوزەد دەكەن، بڵاودەكرێتەوە جۆرێك لە لە هەوڵدانە بۆ شێواندنی ڕاستی ئینجا بەهەر مەبەستێك بێت، ئەگینا كەی ڕەوایە لە ڕوودانی تاوانێك لە پایتەختی هەرێمی كوردستاندا كە هەموومان باش دەزانین چەندە پیلان و هەوڵ بۆ شێواندنی هەیە، سەرلەبەری دەسكەوتەكان بخەیتە ژێر گومان و پرسیار و ئاسوودەیی لەخەڵك تێك بدەین و لە پەنای ئەم رووداوەوە رق و كینە بەسەر هەموواندا بێ جیاوازی و بێ ڕەچاوكردنی تەنانەت هەوڵی دەزگا پەیوەندیدارەكانی لێكۆڵینەوەش كە ڕەنگە زیان بە رەوتی كارەكانیان بگەیێنێ بڕێژن و سەرلەبەری ئەزموونەكە لەبەرامبەر سفردا بنێین و كەمترین حسابی بۆ نەكەین، ئەمە لەكوێداو لەكامە وڵاتی دنیادا هەیەو هەبووە بۆیە ئەگەر دەمانەوێ ئەوەی هەیە، كە هەموومان دەزانین بێگومان بێ كەموكوڕی نییە، باشترو باشتر بێت، پێویستە ئەو رۆژنامەو گۆڤارانە كە رەخنە لە دەسەڵات و دەزگاكانی دەگرن، جارێكیش با رەخنە لە خۆیان بگرن و ئەو پرسیارە لە خۆیان بكەن: ئایا ئەوەی كردوویانەو دەیكەن و بەردەوامن لەسەری سوودی گشتی تێدایە كە نوقڵانەی بۆ لێ دەدەن، یاخود رێك دەڕژێتە ناو جوگەلەی بەرژەوەندی ناحەزانەوە، كە هەمیشە لە بۆسەدان و دەخوازن لە تنۆكە ئاوێك دەریایەك دروست بكەن و هەموومانی تێدا نقوم ببین بە ئەوانیشەوە؟

با پرسیار لە خۆیان بكەن، ئەگەر بەڕاستی وەك دەڵێن (ئەهلی) و (سەربەخۆن).

 

خەبات

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌