2010-05-25

دیمانە: ئاری مامشەیی: چەند رۆژێك پێش ئێستا، نزیكەی 18 نووسەر و رۆژنامەنووس و وێنەگری بەناوبانگی جیهانی كە لەسەر كورد كاریان كردووە، نامەیەكیان ئاراستەی سەرۆكی كوردستان كرد و تێیدا داوایان كرد گەرەنتی ئازادی راگەیاندن بكرێت و داوای دەستگیركردنی بكوژانی زەردەشت عوسمانیان كرد. فرانس خافێر لۆدڤاردیش لە نێو ئەو ناوانەدا بوو، بەڵام دواتر ئەو پەشیمانی خۆی لە بوونی ناوی خۆی لەسەر ئەو نامەیە نیشاندا كە لەم دیمانەیەدا هۆكارەكانی خستەروو.

كێشەی تەكنیكی

بەپێی ئەو روونكردنەوانەی لۆدڤارد خستییە روو، دەركەوت بە هۆی نەزانین و كێشەی تەكنیكیەوە ناوی چووەتە سەرنامەكە. سەرەتا ناوبراو باسی لەوە كرد كە ئەو نامەیەكی لە لایەن كەسێكی نەناسراو بەناوی چارلس گلاس لە رێی جۆن راندەڵی برادەری خۆیەوە پێگەیشتووەو گوتی: ئەگەر بەهۆی (جۆن راندەڵ)ەوە نەبوایە هەرگیز وەڵامی نامەكەیم نەدەدایەوە، بەڵام جۆن راندەڵ پێگەی و رێزێكی تایبەتی لای من هەیە. هەروها لە كاتی وەڵامدانەوەكەش ئەو داوای چەند گۆڕانكارییەكی لە نامەكەدا كردو داوای كردووە كە نامەكە بە شێوازێكی زیاتر دیپلۆماسییانەتر بنووسرێت و چەند رستەیەك هەن لاببردرێن، لەوانە ئەو رستەیەی باسی ئەوە دەكات كە رەنگە هێزە ئەمنییەكان دەستیان تێدا هەبێت، بەڵكو ئەو گوتی: مادام ئێمە (ئەوانەی نامەیەكیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كردووە) هەموو كەسانی راگەیاندنكاری پرۆفشناڵین نابێت لە خۆمانەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەك پەنجە بۆ هیچ كەس و لایەنێك درێژبكەین، چونكە هیچ بەڵگەیەك نایسەڵمێنێت كێ لە پشتەوەی ئەم كارەدایە و داوام كرد زیاتر چاوەڕێ بكەین بۆ ئەوەی هەندێ شت ئاشكرابكرێن و نابێت بە دوای دیعایە بكەوین. هەروەها گوتی: بەڵام ئەمە پرۆپاگەندەیەكی زۆر روونە.

 (لۆڤارد) دانی بەوەشدا نا كە ئەو كۆتا رستەی نامەكە كە تێیدا نووسراوە: ئێمە داوا لە ئێوە دەكەین سیاسەتە چەوسێنەرەكانی ئەو رژێمە نەگرنەبەر كە ئێوە بۆ ماوەیەكی ئەوەندە درێژ لە دژی خەباتتان كرد. نەخوێندەتەوە بەهۆی ئەوەی كە زۆر سەرقاڵبووە و گرفتی هونەری لە كۆمپیوتەرەكەیدا هەبوو. لە بارەی ئەم رستەیەوە ئەو گوتی: بەهیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نییە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتییەكەی بە رژێمی بەعسەوە ببەستیتەوە ومن بەهیچ شێوەیەك ئەمەم پێ قبووڵ نییە و زۆر دژی ئەم رستەیەم، ئەگەر بمزانیایە ئەم رستەیەی تێدایە هەرگیز ئیمزام نەدەكرد. سەددام بەس خەڵكی دەكوشت، رێگای دەدا كۆمپانیات هەبوایە، بەڵام ئەگەر بیزانایە كارەكانت سەركەوتووە بە زۆر كۆمپانیاكەتی لێدەست، و ئەگەر خاوەنەكەشی بەمە ناڕەحەت بوایە، ئەوە دەشیكوشت.

دڵنیابوون لە ناوڕۆكی نامەكە

لۆڤارد داوای ئەوەشی كردووە كە رەشنووسی كۆتایی نامەكەی بۆ بنێرن بۆ دڵنیابوون لە ناوەڕۆكەكەی هەرچەند بەڵێنی ئەوەیان پێدابوو كە بۆی دەنێرن و ئەو گۆڕانكارییانەی لە نامەكەدا دەكەن و پەنجە بۆ هیچ كەسێكیش درێژ ناكەن، بەڵام وەك خۆی گوتی: تەنها هەر ئەو جارە نامەكەیان بۆم نارد و هەرواش ناوەكەم چووتە سەر نامەكە.

لۆڤارد باسی لەوەش كرد كە لە ئەمەریكا و لە فەرەنسا هەندێك لە دەزگا هەواڵگرییەكانی دەوڵەت كاریان كوشتن و بزركردنی ئەو كەسانەیە كە بە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەت دەزاندرێت، بەڵام ئەوانیش راستەوخۆ لە لایەن سەرۆكەوە فەرمانیان پێ دەكرێت و كارەكەش بە شێوەیەك ئەنجام دەدرێت كە كەس هەستی پێ نەكات و كەس پێی نەزانێت، بەڵام وەها سیاسەتێك لە كوردستاندا نییە چونكە دامەزراوەیی دەوڵەت نەگەیشتووەتە ئەو رادەیە، ئەمە لەگەڵ چەسپان و پتەوبوونی دامەزراوەكانی دەوڵەت دێتە ئاراوە.

پڕوپاگەندەی بێ واتا

لۆڤارد پرۆپاگەندەی هەندێك لایەنی بە نامەنتیقی لە قەڵەمدا كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانی پێ تاوانبار دەكەن و گوتی: ناچێتە عەقڵەوە سەرۆك و سەركردایەتی كوردستان بڕیاری كوشتنی كەسێكی 23 ساڵە بدەن، چونكە ئەو لە خۆیدا كەسێكی ئەوتۆ نەبووە، دەبێت گەنجێكی 23 ساڵان بە لای سەرۆكەوە چی بێت، ئەو كەی كێشە بووە؟ ئەو هەرچییەكی نووسیبێت، ئەوەندە ناهێنێت لە لایەن دەسەڵاتەوە بكوژرێت. لۆدڤارد باسی لەوەش كرد لە كوردستاندا ئازادی راگەیاندن هەیە، بەڵام ناشبێت هیچ كێشەیەك بێتە پێش ئازادی راگەیاندن، چونكە ئەوە پایەیەكە لە دەوڵەتی دیموكراسی. هەروەها باسی لەوەش كرد كە سەرۆكی كوردستان زۆر دژی پێشێلكردنی ئازادی راگەیاندنە، هەتا كە پەیوەندییان بە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە كردووە، ئەوان وەڵامیان داوەتەوە كە سەرۆكایەتی هەرێم داوای لە گروپی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كردووە بۆ ئەوەی بێن لێكۆڵینەوە لە مەسەلەكەدا بكەن بۆ ئەوەی شتەكان روون و ئاشكرا بن بۆ هەموو لایەك. ناوبراو ئەوەشی گوت شەرمەزارییە كاتێك لایەنێكی سیاسی كەسێك دەقۆزێتەوە تا بە كوشتنی دەدات، وەك خۆی گوتی:ئەگەر گۆڕان ئەو گەنجەی قۆستۆتەوە و زانیویانە گەروا بڕوات دەكوژرێت، ئەوە ئەوان شێتن.

كەسانی دیكەش لە نامەكە پەشیمانن

لۆڤارد باسی ئەوەش كرد كە جگە لە خۆی، گوین رۆبەرتیش پەشیمانە لەو نامەیە چونكە ئەو داواكارییانەی ئەو هەیبووە لە گۆڕینی ناوەڕۆكی نامەكە نەكراوە، بۆ ئەو مەبەستەش روونكردنەوەی فەرمی دەخاتەروو و لۆڤارد خۆیشی روونكردنەوە ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات.

لە بارەی ئەو بەرەوپێشچوونانەی هەرێمی كوردستان لە رووی ئابووری و ئاوەدانی و سەقامگیری و ئاسایشەوە بەدی هاتوون، ئەو كۆمەڵێك وێنەی خۆی نیشانی ئێمەدا لە 10 ساڵی رابردووەوە تا ئێستا و رایگەیاند ئەگەر تەماشای ئەم وێنانە بكەیت بۆت دەردەكەوێت كە كاركردن لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەردەوام هەبووە و لەم ساڵانەی دوایشدا زیاتر چڕبووەتەوە، وێنەكانیش هەموو شایەتی ئەوەن و ئەوەی ئێرەی بینی بێت دەزانێت گۆڕانكارییەكان چەند جیاوازن، بە وشەكانی ئەو: - پێشكەوتنی ئابووری لێرە رۆژانەیە و بۆ هەر كوێیەكیش بچیت ئەمە دەبینیت. لەبیریشمان نەچێت كوردستان هەر هیچی نەبوو. لە بارەی بارودۆخی سەقامگیری و ئاسایشەوە، وەڵامی دایەوە كە ئەو هەموو رۆژێك بە تاقی تەنها خۆی دێت و دەڕوات و شارەكان دەگەڕێت و هیچ پاسەوانێكیشی نییە و تا ئێستایش رووبەرووی هیچ هەرەشەیەكی ئەمنی نەبووەتەوە. هەرچی دەربارەی ئازادی ڕا دەڕبڕینە، ئەو نموونەی بزووتنەوەی گۆڕانی هێنایەوە، بەوەی كە توانییان لە ماوەی چەند مانگێكدا 25 كورسی پەرلەمان ببەنەوە و گوتی: ئەمە مانای ئەوەیە كە ئازادی ڕا دەڕبڕین هەیە، چونكە ئەگەر ئێرە وڵاتێكی كۆمۆنیستی بوایە وەك بورما و ڤێتنام، ئەوە ئەم كەسانە لە سێدارەدەدران یا فڕێ دەدرانە بەندیخانەوە. دەربارەی هەوڵەكانی سەركردایەتی كوردستان بۆ ئەوەی كار و كردەوەكانیان شەفاف و روون بێت، لۆڤارد باسی ئەوەی كرد لەم ماوەیەدا لەگەڵ د. رۆژ نوری شاوێس دانیشتووە و لێی پرسیوە ئێوە چاودێری بیانییتان بۆچی بوو لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی كوردستان لە كاتێكدا شتی وا لە فەڕەنسا نییە، ئەویش وەڵامی داوەتەوە هەڵبژاردنی ئازاد لە كوردستاندا تازەیە و ئەوەش ئەوە وەك گەرەنتییەك بووە بۆ ئەوەی هیچ لایەنێك گومان نەبات لەسەر دروستی و ئازادی هەڵبژاردنەكە. لە كۆتاییدا ناوبراو ئەوەی باس كرد، رۆڵی ئەوان نییە دەرسی ئەخلاق بە سەرۆكی كوردستان بدەن، بەڵكو تەنها راستییەكانی بۆ بخەنە پێش چاو و دووبارە پەشیمانی خۆشی دەربڕی بەوەی كە ناوی لەسەر نامەكەیە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌