2010-05-26

كەنعان بەهادین

قەیران دروست بوونی هەر ئاڵۆزیەك كە لە ئاستی ترسناك و خەتەر دابێت بەشێكە لەكاری راگەیاندنكاران و رۆژنامەنووسان، بەو ئاستەی كە بەزانستیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو رەوشە بكرێ، ئەگەر بەپێچەوانە بێت ئەوا رەنگدانەوەی لە زۆر بواری دیكەی كۆمەڵگە دروست دەكات، بۆیە دەبێ دامودەزگای بەهێزو گرنگ لەوڵاتدا هەبێ بۆیەكلایی كردنەوەی كێشە گەورە هەڵواسراوەكان و دیاریكردنی ئاستی ئاڵۆزیەكە بەر لەوەی بگاتە ئاستی قەیران، بەتایبەت لە ئان و زەمانێك كە ڕاگەیاندن بەخێراییەكی نموونەیی لە هەنگاو دایە ئەوەش راست دەبێ ئەگەر بگوترێ رەنگە هەندێ جار راگەیاندن رووداوێك دروست و گەورە بكات. بۆیە راگەیاندن دەبێ خێراو كارەكتەری زیندووبێت لە ئاست رووداوەكان و نەوەك هەواڵەكان بەمردوویی پاش رووداوەكە بچنەوە بۆیە ودەبێ راگەیاندنكار بەشێوەیەكی نەزەڕی لە بنەماو بنچینەكانی راگەیاندن بكۆڵێتەوە پاشان كاری پێ بكات، لەراگەیاندندا زاراوەی قەیران هەیە كە شێوەی كاركردنە راگەیاندنكاران ئاماژە پێ دەكات لەوكاتەدا كە دوربێت لە هەڵمەتی ناو زڕاندن و پڕوپاگەندەی نادروست، تا بۆ ئەوەی كاری راگەیاندن دوربێت لە خۆ دەرخستن و كاری میزاجی.

قەیران لە راگەیاندندا: قەیران بریتیە لەزاراوەیەك بەڕای پسپۆڕانی راگەیاندن زۆرمانا لەخۆ دەگرێت لەبەرچەند هۆكارێك:

یەكەم: ئەستەمە پێناسی ئەوە بكرێت مانای قەیران چییە.

 

دووەم: سروشتی فراوانی وشەكەو زۆر بەكارهێنانی لەجۆرەها شوێنی جیاواز »قەیرانی ناسنامە-قەیرانی ئەخلاق- قەیرانی ئابووری و سیاسی و سەربازی.

 

سێیەم: لەزۆربەی زۆری لێكۆڵینەوە زانستییەكان قەیران فراوانی بەخۆوە بینیوە. چوارەم: زۆر پێناسەی جیاوازی بۆكراوە و بوارەكانی ئێجگار زۆرن. بۆیە پسپۆڕان وای بۆ دەچن كە قەیران لەزۆر بواردا كاری پێ دەكرێت پێناسكردنی ئەستەمە بەڵام بەشێوەیەكی گشتی و بەڕای پسپۆڕانی بواری راگەیاندن قەیران: بریتیە لەدروست بوونی ئاڵۆزیەكی ترسناك و لەناكاو كەپەیوەندی بەدوولایەنەوە هەبێ هەروەها بەوەش پێناس كراوە كە: دروست بوونی گرژی لەنێوان دوو ژێرخانی ستراتیژی نەتەوەیی، چ لەسەر ئاستی هەرێمی بێت یان ناوەخۆ، هەروەها بەوەش پێناسكراوە كە: هەڵوێستێك دژە هەڵوێستی لەگەڵ دابێت.

 

لەلێكۆڵینەوە زانستیەكانی بواری رۆژنامەگەری و راگەیاندن جۆرەكانی قەیران دەستنیشان كراوە:

 

یەكەم: قەیران لەسەروبەندی دروستبوونی

 

دووەم: قەیران لەكاتی پەرەسەندن و گەشەسەندن

 

سێیەم: قەیران لەكاتی كۆتایی هاتنی

 

هەروەها بەوەش جیاكراوەتەوە كەهەندێ قەیران بەردەوام دروست دەبێ و چارەسەر دەكرێ، هەندێكیش بەشێوەیەكی لەناكاو و عەشوایی دەبێت، هەندێ جاریش ئەو قەیرانە بێ كاریگەری دەبێت، هەندێكیش قوڵەو دەبێتە هۆی دروستكردنی ئاڵۆزی گەورەو لەسەروبەندی تەقینەوە دایە هەندێ قەیران تایبەتین و چەند كەسانێك دەگرێتەوە، هەندێكیش هەموو وڵات دادەپۆشی، جیاوازی لەقەیراندا هەیە ئەمیش لەجۆری بابەتی قەیرانەكە، كە ئایا قەیرانە كە مادیە یان مەعنەوی، هەندێ قەیرانیش هەیە بەبەرنامە كاری بۆ دەكرێ و گەشەی پێ دەدرێ، لەچوارچێوەی روودانی قەیرانێكی بچوك.

 

بەڕێوەبردن و چارەسەری قەیران

 

دەكرێ ئەوە باس بكەین كە قەیران پێشتر نەبووە بەڵكو دروست كراوە بە هۆی هەندێ هۆكار و كاریگەری كە كاردانەوەی دەبێ بەسەر كۆمەڵگە، بۆیە پەیوەندی راستەوخۆ هەیە لەنێوانی قەیران و كۆمەڵگە، دەبێ لەكاتی دروستبوونی هەر قەیرانێك راگەیاندن رۆڵی بەرچاوی خۆی ببینێ لەدەستنیشانكردنی هۆكارەكەی و رەگەزەكانی و ناساندنی قەیرانەكە بەهەرهەموو روەكانی و روونكردنەوەی بۆ خوێنەرو بینەرو بیسەر نەوەك زەقكردنەوەی قەیرانێ كە هێشتا سەرە داوەكانی دیاری نەكرابن و لەلایەن رۆژنامەو راگەیاندنەكانەوە زەق بكرێتەوە، پسپۆڕان رایدەگەینن كە هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ قەیراندا ئێجگار ئەستەمە ناكرێ رۆژنامەنووس خۆی تێكەڵی لێكۆڵینەوە سەربازی و ئەمنی و پۆلیسیەكانەوە بكات چونكە ئەمە تێكەڵی دروست دەكات لە نێوان كاری راگەیاندن و كارەكانی دیكە.

 

بۆیە دەبێ لەوكاتەدا نەخشەیەكی زانستی راگەیاندن دابڕێژرێ كە رۆژنامەنووس زۆر زیرەكانەو رۆشنبیرانە هەڵسوكەوت لەگەڵ قەیرانەكان بكات وابكرێت ناوەڕۆكی بەهێزی راگەیاندن پێشكەش بە وەرگر بكرێت ئەو ناوەڕۆك و پەیامە تامێكی بەچێژی بێ لایەنی و برایەتی و یەكڕیزی بپارێزێ بەو جۆرەی كە خسوسیەتی خۆی بپارێزێ و ڕۆڵێكی كاریگەری لەو بوارەدا بگێڕێ، بۆیە پسپۆران ئاماژە بەوە دەكەن راگەیاندكاران سەروەری كارەكەیان بپارێزن لەچوارچێوەی سنورەكەی خۆیان رێگەی تەشویش هەڵنەبژێرن و پەیامە راگەیاندنەكەیان ئاشتیانەبێت لەگەڵ بەرژەوەندیەكان و بنەماكانی كاری راگەیاندن بگونجێ.

 

لەلێكۆڵینەوە زانستییەكانی راگەیاندن دا هاتووە دەبێ راگەیاندنكار ڕۆڵی نێوەندە (الوسیگ) بگێڕێ لەكاتی دروستبوونی قەیران لەو خاڵانەی خوارەوە:

 

یەكەم: پێشكەشكردنی زانیاری.

 

دووەم: شرۆڤەكردنی گرنگی هۆكاری رووداوەكان و قەیرانەكان.

 

سێیەم: پاراستنی ریزەكانی كۆمەڵگە.

 

چوارەم: كەمكردنەوەی هەڵچوون و نیگەرانی.

 

ناكرێ دەزگاكانی راگەیاندن هەوڵ بدەن كێبڕكێی نادروست لەكاركردن ئەنجام بدەن تابگاتە ئەو ئاستەی كە كامەیان سەرنج راكێشە ئەگەر بەزانیاری نادروستیش بێت، دەبێت زۆر بەهێمنانە رۆژنامەنووس هەوڵ بدات پەیامەكەی لە كەش و هەوایەكی هێمن و لەسەرخۆ بگەینێ تاوەكو بتوانرێ گوێی لێ بگیرێت و شرۆڤە بكرێت و ببێتە سەرنج راكێشترین زانیاری رۆژنامەوانی لێكۆڵەرەوان ئاماژەبەوە دەكەن كە لەجەنگە گەورەكانیش رۆژنامەنووسان پەیامەكانیان بەهێمنی و بێ هاتوهاوار گەیاندووە تاوەكو وەرگر شڕۆڤەی كەسی بۆ خۆی بكات.

 

لەحاڵەتی روودانی قەیرانێك دەبێ رۆژنامەنووس لەچەند شتێك بپرسێت:

 

1- چی روویداوە

 

2- بۆچی روویداوە

 

3- هۆكارەكانی چین

 

4- پێشكەوتنەكان چییە؟

 

دەبێ چاوەڕێ بكات تاوەكو ئەو زانیاریمانە بەدەستی بگات، ناكرێ رۆڵی كەسی دیكە بگێڕێ و كاری پۆلیس و هەواڵگری بكات و زانیاری نادروست بڵاوبكاتەوە پسپۆڕان دەڵێن لەكاتی قەیران پلەی ئارامگری مرۆڤ دا دەبەزێ و نیگەرانی ئاستی بەرزدەبێتەوە، لەوكاتەدا مەعریفەو دان بەخۆداگرتن لەخودی مرۆڤەكەدا نامێنێ، دەبێ راگەیاندن و رۆژنامەنووس ئەم ئەركە سووك بكەنەوە بە هەڵسوكەوتی رۆژنامەنووسیانەو پێشكەشكردنی پەیامی راگەیاندنی بەهێز لەنێو خەڵكیدا كارەكانی بەڕێوەببات.

 

دەبێ رۆژنامەنووس لەوەتێ بگات كە لەكاتی قەیراندا كەشوهەواكە پەیوەست دەبێ بە باری كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسەتی وڵات و پەیوەندیەكانی، دەبێ راگەیاندنكاران و رۆژنامەنووس ڕۆڵی چاككەرەوە بگێڕێ وەك كەسێكی نێوەند لە نێوان قەیران و دەسەڵات و كۆمەڵگە.

 

لەكاتی دروستبوونی هەرجۆرە قەیرانێك و ئاڵۆزیەك دەبێ دەزگاكانی راگەیاندن بەبەرنامە رێژیەكی زانستی كاربكەن لەسەر چۆنیەتی دروستبوونی قەیرانەكە تاوەكو كۆتایی هاتنی، دەبێ رۆڵی یەكڕیزی كۆمەڵگە بگێڕێ و رووی راگەیاندنەكان وانیشانبدرێ كە لەدونیادا بەو شێوە سەیر بكرێ كە ئەو گۆمەڵگەیە دەست لەناو دەست قەیرانەكان چارەسەر دەكەن.

 

بۆیە دەبێ راگەیاندنكار و رۆژنامەنووس كاربكات بۆ بەدەست گەیاندنی زانیاری پتەوو تەواو بۆ وەرگر بەجۆرێك تێربێت لەزانیاری راست و دروست، هەروەها جۆرێك لە شرۆڤەكان تێدابێت رەخنەشی تێدابێت ئێجگار ئاساییە، بەڵام دەبێ زێتر رۆشنبیری بێت.

 

كە وەرگر ئاگاداربێت لەوەی كەچی روودەدات، دەبێ هاووڵاتی لەوە ئاگادار بێت چی روو دەدات و بۆچی روویداوە وتێی بگات و وەری بگرێت. پسپۆڕانی بواری راگەیاندن ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە راگەیاندنكاران و رۆژنامەنووسان نابێ بەردەوام وەرگر بەشتی نادروست بارگاوی بكەن راگەیاندنی هەژار جۆرێكە لەو دەزگا راگەیاندنانەی كە بەردەوام بێ زانیاری و بەڵگەن لەهەوڵدان بۆ نیشاندانی چەواشەكاری لەنێو ریزەكانی كۆمەڵگەدا، ئەركی رۆژنامەنووس ئەركێكی پیرۆزە نەتەوەییە، ئاساییە رۆژنامەنووس بەدوای زانیاریدا بگەڕێ، پێویستیشە لایەنی پەیوەندار هاوكاری تەواوی رۆژنامەنووس بكات لە پێدانی زانیاری، رۆژنامەنووس دەتوانێ بەدوای سبق صحفی دا بگەڕێ كە ئەمە مافێكی كەسی رۆژنامەنووسە دەبێ ئەوە بەڕەوا بزانرێ و بنەمایەكی زانستیە، هەروەها كاربكەرێ بۆ دەستەبەركردنی چاپخانەی گەورەو پڕ لەتەكنەڵۆژیا بەمەبەستی كار ئاسانی كردن بۆ چاپكردن و گەیاندنی پەیامی رۆژنامەنووسی، پشتگیریكردن لەخودی رۆژنامەنووس و رۆژنامەو دەزگای دیكەی راگەیاندن مێژووێكی دووروقۆڵی هەیە بەڵام بەمەبەستی بە ئاگاهی هاتنەوەی كۆمەڵگە لە دیاردە دزێوەكان و پاشكەوتن لەدیاردە نوێكانی تەكنەلۆژیاو ئامێری بەسود كە ئەمڕۆكە جیهان سوودی لێ وەردەگرێ، نەوەك ئاراستەكردنی هەندێ بابەتی نەشیاوكە كۆمەڵگە پێوەی نیگەران بكات و رای گشتی بە ئاراستەی خراپ بوروژێنێ، بۆیە دەبێ رۆژنامەنووس مافەكانی دەستەبەر بێت تاكو ئەركەكانی بەدروستی بەجێ بگەینن.

 

من پێموایە ئەمە ئەركی رۆژنامەنووسە كە خەڵكانی نا رۆژنامەنووس لەدەزگاكانی راگەیاندن كار پێ نەكەن و دوریان بخەنەوە، چونكە رەوتی راگەیاندن وكاری رۆژنامەنووسی زانستێكی گەورەیە ناكرێ بەهەڕەمەكی لێوەی تێ بگەین و بەزۆر خۆمان بكەین بە رۆژنامەنووس.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌