2010-05-31

سۆزان خاڵە شەهاب: كاری ئەندام پەرلەمانی ئەوە نییە وا تێبگات، خیتابی سەرۆكی كوردستان بۆ لایەنێكە
هاژە سلێمان: وتارەكەی سەرۆكی كوردستان جێگای دەستخۆشییە
خەبات: ئاسۆ عەلی فەرەج
بەمەبەستی روونكردنەوەی بارودۆخی كوردستان و ئاگاداركردنەوەی پەرلەمان لەو سەفەرانەی سەرۆكی كوردستان بەنیازە بۆ هەریەكە لە توركیا و فەرەنسا ئەنجامی بدات، رۆژی 29\5\2010 سەرۆكی كوردستان لەبەردەم پەرلەماندا تیشكی خستە سەر رەوشی ئەمنی و سیاسی هەرێمی كوردستان و لەوتارێكیدا بۆ پەرلەمانتاران ئاماژەی بەو گرژییەدا لەكوردستان بەهۆی روودانی تیرۆركردنی قوتابیەك هاتۆتە ئاراوە، كە تێدا ئاماژەی بەوەكرد وەك سەرۆكی كوردستان بەرپرسیارە لە رەوشی كوردستان و نابێت رووداوێكی وا بكرێتە بیانوو بۆ هێرشكردنە سەر لایەنێك و تۆمەتبەخشینەوە هەتا لێكۆڵینەوەكان دەگەنە ئەنجامێك، بەڵام لیستی گۆڕان لە روونكردنەوەیەكی نابەرپرسیارانە دیسانەوە هێرش دەكەنە سەر هەموو دەزگا یاسایی و دەستوورییەكان و ئاماژە بەوە دەكەن، ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە مەترسیدایە و خەڵك ئازاد نییە، پەرلەمانتارانی كوردستانیش ئەم روونكردنەوەی گۆڕان بە نابەرپرسیارانە باس دەكەن.
دیدی سەرۆكی كوردستان لە وتارەكەیدا بۆ پەرلەمانتارانی كوردستان بریتی بووە لە گوزارشتێك لەبارەی ئەمن وئاسایش و پارێزگاریكردن لێی، وەك سۆزان خاڵە شەهاب سەرۆكی لیستی كوردستانی ئاماژەی پێدا، ئەو روونكردنەوەی فراكسیۆنی گۆڕان زۆر هەزیلە و پێموایە ئەو وتارەی سەرۆكی كوردستان لە نێو پەرلەمان گوزارشت لەو دیدە دەكات، ئێمە دەبێت هەمووان ئاسایش و ئارامی ئەم هەرێمە بپارێزین و رێگە نەدەین هیچ لایەنێك ئەم ئارامییە تێكبدرێت، پەیامێكی زۆر روون و ئاشكرا بوو، چونكە تێكدانی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی زیان بەلایەنێك ناگەیەنێت و زیان بە هەمووان دەگەیەنێت.
سەرۆكی لیستی كوردستانی ئاماژەی بەوەشكرد، سەردانەكانی سەرۆكی كوردستان بۆ نێو پەرلەمان ئاشناییەكی زۆر گرنگە و ئەوان لەخولی رابردووش بینوییانە، كە جەنابی سەرۆك بارزانی چۆن لە پرسە نەتەوەیی و گرنگەكان هاتۆتە نێو پەرلەمان و بۆ پەرلەمانتارانی شیكردۆتەوە و لەوبارەیەوە سۆزان خاڵە شەهاب گوتی: ئێمە لە خولی دووەمیشدا بەو جۆرە هاتنەی سەرۆكی كوردستان ئاشان بووین و هەمیشە لە پرسە نەتەوەیی و گرنگەكاندا ئامادەیی هەبووە و روونكردنەوەی پێشكەشكردووە، ئێستاش دێت لەسەر رووداوەكان و سەفەرەكانی قسە دەكات و پەیامی سیاسی خۆی نیشاندەدات و دەڵێت: من خۆم بەرپرسیار دەزانم لە پاراستنی رەوشی ئەم هەرێمە و شەرعیەتی میللەتم وەرگرتووە و دەڵێت: من قبوڵ ناكەین ئاسایشی ئەم هەرێمە لە ژێر مەبەستێكدا تێكبدرێت. ئەمە پەیامێكی زۆر روون و ئاشكرایە و وەك سەرۆكی كوردستان ئەو پەیامە دەگەیەنێت بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانیش ئاگادار بن.
پەرلەمانتارانی گۆڕان هەڵسوكەوتی ناپەرلەمانی دەكەن و گومان دەخەنەسەر ئەو رووداوانەی روودەدەن و واشدەركەوتووە، ئەوان لە پشتەوەی هەموو ئەو رووداوانەن بە ناڕاستەوخۆ، لەبارەی هەڵسوكەوتی فراكسیۆنی گۆڕان، سۆزان خاڵە شەهاب ئاماژەی بەوەدا، بەراستی كاری ئەندام پەرلەمانی ئەوە نییە وا تێبگات، خیتابی سەرۆكی كوردستان بۆ لایەنێكە و ئەو خیتابێكی سیاسیداوە بۆ هەموو پەرلەمانتاران و پێگوتین و ئاگاداری كردینەوە، كە رەوشی ئاسایش و ئارامی لەم هەرێمە زۆر گرنگە و مەبەستە لامان بپارێزرێت.
ئەو روونبێژییەی سەرۆكی كوردستان لەبارەی رەوشی سیاسی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەبەردەم پەرلەمانتاران ئاماژەیەكە بۆ بوونی شەفافیەت و ئازادی لە هەرێمی كوردستاندا، لیستی ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی بە بایەخەوە دەڕوانێتە وتارەكەی سەرۆكی كوردستان و دەخۆشیشی ئاراستە دەكەن، كە بەم شێوە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ رووداوەكاندا دەكەن، لەمبارەیەوە هاژە سلێمان مستەفا سەرۆكی لیستی ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەدا، وتارەكەی بەرێز سەرۆكی كوردستان، وتارێكی باشبوو، كە تێدا بەشێوەیەكی زۆر گرنگ و بەرپرسیارنە و روونبێژی باسی لەرەوشی سیاسی و ئاسیاسی هەرێمی كرودستانی كرد و جێگای دەستخۆشییە.
هاژە سلێمان ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، ئەو گرژییەی لەم دواییە دروست بوو زیاتر لە رێگای راگەیاندنەكانی سەر بەگۆڕانەوە بوو، لەوباریشەوە گوتی: روونكردنەوەكەی گۆڕان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە بارگرژییەكەی پێشوودا زیاتر لە رێگای راگەیاندنی ئەوانە بووە و ئێمەش وەك لیستی ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی كار بۆ ئەوە دەكەین لەم قۆناغە ناسكەی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی هێمن و مامەڵەیەكی ئارام لەگەڵ كێشەكاندا مامەڵە بكەین. هاژە سلێمان ئەوەشی بیرهێنایەوە ئێستا وڵاتانی دراوسێ و ناحەزانی كورد لە چاوەڕوانی دروستبوونی ناكۆكیین بۆ ئەوەی دەست لەكاروباری هەرێمی كوردستان وەربدەن و گوتی: وڵاتانی ناوچەكە چاوەڕێ ئەوەن كێشەیەكی وا دروست ببێت و دەستبخەنە ناو كاروباری ئەم ئەزموونەی كوردستانەوە و دەبێت مامەڵەكانمان بەرپرسیارانە بێت و دوور بێت لە خوڵقاندنی توندوتیژی و بارگرژی.
سەرۆكی لیستی ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی لەبارەی رۆڵی سەرۆكی كوردستانیش بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەتیرۆركردنی قوتایبەك ئەوەی نیشاندا، لەیەكەم رۆژی رووداوەكەوە بەرێز سەرۆكی كوردستان لیژنەیەكی لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەكان دروست كرد بۆ لێكۆڵینەوەی ورد لەو رووداوە و نابێت ئێمە پێش لێكۆڵینەوە بڕیار بدەین و هەوڵی دروستكردنی گرژی بدەین، دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بین وەك جەنابی سەرۆكی كوردستانیش ئاماژەی پێداوە.
لەبارەی هاندانی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان سەربە فراكسیۆنی گۆڕان بۆ بەرزكردنەوەی پێڵاو بەرامبەر پەرلەمانی كوردستان كە لەخۆنیشاندانێكدا روویدا هاژە سلێمان سەرسوڕمانی خۆی لە هەڵسوكەوتی پەرلەمانتاری لەم جۆرە نیشاندا و گوتی: بەرزكردنەوەی پێڵاو و خەڵك هاندان بۆ توندوتیژی و هێرشكردن شتێكە لەگەڵ ئەركی پەرلەمانتار ناوەشێتەوە و لەراگەیاندنەكان ئەوەم بیست، ئەگەروابێت جێگای سەرسوڕمان و نیگەرانییە.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌