2010-05-31

خەبات - ئاسۆ عەلی فەرەج:


وتارەكەی سەرۆكی كوردستان لەبەردەم پەرلەماندا، جگە لە خستنەڕووی سەفەرە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ توركیا و فەرەنسا بارودۆخی سیاسی و رەوشی گرژییەكانی میدیایی روونكردەوە و ئەندامانی پەرلەمانیش پێیانوایە سەرۆك مسعود بارزانی جەختكردنەوە و دووپاتكردنەوەی نیشانداوە لەبەرامبەر پرەنسیپی ئازادی و ئازادی رادەبڕین، كە گونجاوە لەگەڵ پرەنسیپە نێودەوڵەتیەكان، هەروەك عەبدولسەلام بەرواری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەم دیمانەیە ئاماژەی پێداوە، هەر لایەن و كەسێك ئەو وتارەی سەرۆك بارزانی لەسەر خۆی حساب بكات، بێگومان نیازیەتی ئەمنیەت و سەقامگیری هەرێمی كوردستان تێكبدات.
وەك روونكردنەوەیەك لەمەڕ ناوەڕۆكی وتارەكەی سەرۆك بارزانی لە پەرلەمانی كوردستان، عەبدولسەلام بەرواری هەڵوستەی لەسەر ئەوەكرد، سەرۆك بارزانی دوو خاڵی گرنگی بۆ پەرلەمانتاران باسكرد و تێدا سەفەرەكەی توركیا وفەرەنسا وپرۆگرامی ئەو سەفەرانەی شیكردەوە، وەك بەرواری ئاماژەی پێكرد، ئەو دانیشتنەی پەرلەمان لەسەر داوای جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بوو، وەك خۆی ئاماژەیپێدا دەویست دوو خاڵ بۆ نوێنەرانی خەڵك لە پەرلەمان روون بكاتەوە، یەكەمینجارە سەرۆك پێش سەفەركردنی بۆ دەرەوە پرۆگرامی سەفەرەكە و گرنگیەكەی باسكرد، چونكە یەكەمجارە توركیا وەك سەرۆكی كوردستان داوەتی سەرۆك بارزانی كردووە، ئەمە بێگومان لە كاتێكدا دێت گۆڕانكاری ئیجابی لەسیاسەتی توركیا روودەدا، ئەگەر بیرمان بێت پێشتر توركیا هەڕەشەی لەشكركێشی بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەبوو، چەند ساڵێك پێش ئێستا ئینكاری بوونی كوردی دەكرد، بەڵام ئەمڕۆ سیاسەتی توركیا گۆڕاوە و وەك سەرۆكی كوردستان بەفەرمی بانگهێشت دەكات.
پەرلەمانتاران ئاشنایەتیان بەوە هەیە لەكاتی هاتنە پێشەوەی هەر پرسێكی نەتەوەی و سیاسی سەرۆك بارزانی لەبەردەم پەرلەمان وەك باڵاترین دەسەڵات لەهەرێمی كوردستان شیكردنەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو، بەرێز عەبدولسەلام بەرواری لەمبارەیەوە ئەوە بەخەبات راگەیاند، وەك هەموومان چاوەڕوان بووین لە رێگای هاتنی سەرۆك بۆ پەرلەمان پەیامێكی هەبێت بۆ خەڵكی كوردستان، وەك سەرۆكی كوردستان لە نێو باسكردنی پرۆسەی سیاسی ئێراق و بارودۆخی كوردستان، جەنابی سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەو گرژییەی راگەیاندن و ئەو هەڵوێستانەی راگەیاندنی كرد لە چەند هەفتەی رابردوو روویاندا، سەرۆك باسی پرەنسیپێكی كرد، كە یەكێكە لە پرەنسیپیەكانی مافی مرۆڤ و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان، ئەویش چۆن مامەڵەكردنە لەگەڵ ئازادی، ئاماژەی بەوەدا لە كوردستان سەقامگیری و ئاسایش هەیە و جێگای دەستخۆشییە و ئەو وەك سەرۆكی كوردستان بەرپرسیارە لەپاراستنی ئاسایش و هێمنی، ئەگەر رووداوەكەی شەهید بوونی قوتابی سەردەشت رووداوێكی زۆر ناخۆش بوو، سەرۆك ئاماژەی بەوەدا لێكۆڵینەوە بكرێت و تاوانبارانیش بدرێنە دادگا.
شەهید كردنی قوتایبەك بۆ هەموو لایەك جێگای نیگەرانی بوو، بەڵام نیگەرانتر لەوە هەندێك لایەن لەسەرەتای رووداوەكەوە ویستیان خوێنی ئەو قوتایبە بازرگانی پێوە بكەن و موزایەدە لەسەر ئەمنیەتی هەرێمی كوردستان بكەن، بەبۆچوونی بەرێز بەرواری پێیوایە جەختكردنەوەی سەرۆك بارزانی بە ئەركی حكوومەت، هەمووان دەگرێتەوە و پێویستە مامەڵەیەكی دروست بكەین لەگەڵ رووداوەكان و لەوبارەیەوە گوتی: ئەوەی جێگای نیگەرانی بوو لە یەكەم رۆژی شەهیدكردنی قوتایبەك كەسانێك ویستیان بازرگانی بە خوێنی ئەو گەنجە بكەن و بێ بنەما و بێ بەڵگە تۆمەت بدەنە پاڵ دەزگا ئەمنیەكان و لایەنەكانی كوردستان و بەمەبەستی تێكدانی متمانەی نێوان خەڵك و دەزگای ئاسایش، سەرۆك بارزانی پرسیاریكرد لە بەرژەوەندی كێدایە ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێكبچێت، بێگومان سەرۆك لە وتارەكەیدا ئاماژەی بە ناوی هیچ لایەنێك نەكرد تەنیا پرەنسیپێكی گشتی بوو، ئازادی رەها ناكرێ بە بیانووی ئەوەی ئازادی لایەنەكانی دیكە پێشێل بكرێت، گرنگیەكەی لەوەدا بوو كە دووپاتیكردەوە، ئیدی لەمەودوا وەك حكوومەت بەوە هەستین رێگەنەدەین كەس تەعدا لەئازادی خەڵك بكات.
ئازادی یەكێك بوو لەو تەوەرانەی سەرۆك بارزانی ئاماژەی پێدا و جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، نابێت ئازادی رەها ببێتە هۆی پێشێلكردنی ئازادی لایەن و خەڵكی دیكە، عەبدولسەلام بەرواری لەمبارەوەیەوە هەڵوستەیەكی كورتی كرد و گوتی: بە خوێندنەوەی من ئەم وتارەی سەرۆك بارزانی جەختكردنەوەیە لە پرەنسیپێكی نێودەوڵەتی و هەركەسێك بانگەشەی ئازادی بكات و داوای ئازادی بیروراِ بكات، دەبێت دڵخۆش بێت، كەسەرۆكی كوردستان جەخت لەسەر پرەنسیپی ئازادی دەكاتەوە.
سەرۆك بارزانی وەك هەمیشە ئەو پەیامەی بە خەڵكی كوردستان راگەیاند، لە هیچ لایەن و كەسێك قبوڵ ناكرێت، ئەمینیەت و ئارامی و باری سەقامگیری هەرێمی كوردستان تێكبدات، لەگەڵ ئەمەشدا ناوی هیچ لایەنێكی نەهێنان، بەڵام ئەوانەی گومانیان لەسەر خۆیان دروستكرد، نیشانی ئەوە دەدەن بەنیازن ئەو كارە بكەن، بۆیە بەرێز بەرواری ئاماژەی بەو لایەنەی كرد و پێیوایە، پێویست بوو هەموو لایەنەكانی بەشدار بووی پرۆسەی سیاسی هەریچمی كوردستان ئەو هەڵوێستە بنوێنن، كە یاسا باڵادەست بێت و گوتی: پێموایە هەر لایەنێك لە كوردستان و دەرەوەی كوردستان ئەو وتەی سەرۆك بارزانی لەسەر خۆی حساب بكات، خۆی دەخاتە ئەو خانەیەوە كە بەنیازە یا ئاسایش و سەقامگیری كوردستان تێكبدەن، پێویست بوو لەسەر هەموو لایەنە كوردستانییەكان ئەوانەی لە پرۆسەی سیاسی بەشدارن چ لە حكوومەت چ لە پەرلەمان ئەوان هەڵوێستیان بۆ پشتگیكردنی باڵادەستی یاسا بێت. من چاوەڕوان بووم هەموو دەزگاكانی راگەیاندن و هەموو ئەوانەی بانگەشەی ئازادی دەكەن، دەستخۆشی لە ئەو هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی بكەن، كە دەربڕی بنەماكانی ماڤی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتین.
عەبدولسەلام بەرواری لە بەشی كۆتایی دیمانەكەدا ئاماژەی بەوە كرد، ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان ساوایە و خەڵكی كوردستانیش هۆشیارە و تێدەگات هەندێك هەڵوێست ناتوانێت كاریگەریان لەسەر دروست بكات، بەرواری ئاماژەی بەوە لایەنە كرد و گوتی: ئێمە ئاشناین بە هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی لە خولەكانی پێشووی پەرلەمانیش هەر كاتێك پێویست بووبێت هاتۆتە بەردەم نوێنەرانی خەڵك و پەیامی خۆی نیشانداوە، بێگومان هەڵە دەكەن ئەو كەسانەی كە ئۆپۆزسیۆن دژایەتیكردنی سیستەمە و تەنیا ناشیرینكردنی هەموو شتێكە، ئۆپۆزسیۆن لە سیتسەمی دیموكراسی بەشێكە لە سیستەمی سیاسی، ئۆپۆزسیۆن چ لە ناو پەرلەمان چ لە دەرەوە یەكێكە لەیارییەكانی دیموكراسی. بۆیە تەسەور دەكەم ئەو هەڵوێستانە نیشانەی ئەوەن ئۆپۆزسیۆن ساوایە و كاتی پێویستە تاكو ئەدای خۆی چاك بكات و لە كۆتایشدا خەڵكی ئێمە هۆشیارە و زۆر نەهامەتی دیوە و خەڵكانێك با ئەوەش بزانن خەڵكی ئێمە تێگەیشتووە و بە هەڵوێستێك ناتوانێت كاریگەری بخەنە سەریان.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌