2010-05-31

ئاسۆ عەلی فەرەج
مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد پێماندەڵێت: پێویستیەكی مێژوویی و نەتەوەیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دورستكرد و دەسەڵات و سەرمایەكەشی هێز و متمانەی خەڵكی كوردستان و نەتەوەكەی بووە و سیاسەت و خەباتی شۆڕشگێڕیشی لە پێناو ئازادی و بەرقەراركردنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و دیموكراسی و كۆمەڵایەتی بووە، چ لەسەردەمی شاخ، كە بەوە ناسراوە جەنگ لە پێناو ئازادی و نەهێشتنی زوڵم و چ لەسەردەمی ئەمڕۆ، سەردەمی شار و موئەسەسات و ژیانی مەدەنیانە و بەڕێوەبردن دەبینین پارتی لە هەمان پێگە و بگرە فراوانتر خۆی وەك حزبێكی نەتەوەیی گونجاو لەگەڵ رەوتی ئەمڕۆ مامەڵە دەكات.
ئەگەر خەباتی پارتی دوێنێ لە مێژوودا بەشێكی بەجێمابێت، ئەوا ئەمڕۆ بەشێكی تەواو نەكراوی لە ئەستۆدایە، چونكە ئەو ئامانجانەی پارتی لەسەر بونیادنراوە هێشتا بەشێكن لە خەبات و كۆشش و پرۆگرامەكانی پارتی و نەگەیشتۆتە ئامانج و دەسكەوتی دیكەی دەوێ. بۆیە پێویستی بوونی پارتی وەك حزبێك لە ئەمڕۆدا زیاد لەسەردەمی شاخ ویست و خواستی ئەم قۆناغە و خەڵكی كوردستانە.
تەمەنی پارتی تا هەڵكشێ نوێ دەبێتەوە و خوێنی كوردایەتی زیاتر بە دەماریدا دەجوڵێ، چونكە ئەمڕۆ پارتی وەك حزب، وەك كایەی سیاسی و بەرێوەبردن پڕە لە ئەزموونی نوێ و داهێنەرانە لە بواری مامەڵەی سیاسیانە چ لەسەر ئاستی ناوخۆی یا لەسەر ئاستی ئێراقی و هەرێمایەتی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ئەمڕۆ پارتی خاوەن شكۆییەكی تایبەت و بایەخدارە. بنەمای دروستی بۆ ئەم لایەنە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق بوو، كە دیسانەوە ئەو راستییەی نیشاندایەوە ئەمڕۆ پارتی بە مەشخەڵی خۆیەوە وەك خاوەن پێگەیەكی بەهێز حێگای متمانەی نەتەوەكەیەتی، چونكە دەنگی خەڵك بە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەوە بووە وەك حزب و وەك سەرۆك بارزانی لەبەرەی ئەمڕۆی ئێراقدا ماف و بەرژەوەندییەكانیان بپارێزێ و داینەمۆی دیموكراسی زیاتر بە ئاراستەی كرانەوە ببات.
دەكرێ حزبێك خاوەنی ئەم سەرمایە مەزنەی جەماوەری بێت و لە هەمانكاتیشدا بۆ لەكەداركردنی پەناببرێتە بەر شاڵاوی ناشیرینكردن و تۆمەت دانەپاڵی و ژەهراوی كردنی ئەو ژینگەی پارتی رۆڵی تێدا دەبینێت لەسەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی، هەربۆیە كورد گوتەنی: داری بەردار، بەردی تێدەگیرێت، بەڵام خۆشبەختانە ئەوانەی بەرد دەگرنە پارتی، بێئومێد بوونە لەوەی ركابەری بكەن بە پرۆژە و بە زمانی دیموكراسیانە و لۆژیكیانە، چونكە نهێنی زیاتر لە نیو سەدەی مانەوەی ئەم حزبە ئەو وانەیەی پێبەخشیون خۆتاقیكردنەوە بەرامبەر پارتی شكستە، چونكە ئەم حزبە پەیوەستە بە بڕوابوونێكی بەهێز بە پرسی نەتەوەییەوە و هەمیشە لەو پێناوەدا كۆششی كردووە بۆ قوڵكردنەوە و چڕكردنەوەی هەوڵەكانی.
جا هەرچییەك دەگوترێت و هەرچییەك دەنووسرێت لە سەر پارتی و جەنابی سەرۆك بارزانی و كاك مەسروور بارزانی ناگەنە ئەو ئاستەی پێگەی ئەم حزبەی پێ لەكەدار بكرێت، چونكە ئەگەر بە زمانی شۆڕشگێرانە پارتی وەسف بكرێت دەبێت وەك چیایەك وێنەی بكەی، كە هیچ هێزێك ناتوانێ بیلەقێنێ، لەوانەیە بتوانن تاشە بەردێكی لێبكەنەوە، بەڵام تاشە بەردیش سرووشتی وایە لەكەناری چیا و لەسێبەرەكەیدا دەبێتەوە پەرژینی پاراستنی چیاكە و هیچ رەشەبایەك ناتوانێ بیگوازێتەوە.
ئەگەر بە زمانی سیاسەت و قۆناغی ئەمڕۆش پارتی وێنا بكەین دەبێت لەو دەرگایەوە بچینە ژوورەوە پارتی وەك حزبێكی دیموكراتی و چەسپێنەری دیموكراسی و فراوانكردنی ئازادی هەیكەلی خۆی لەنێو جەرگەی كیانی كوردیدا لە باشوری كوردستان چەسپاندووە و رەگی لۆژیك و وەڵامی قۆناغی ئەمڕۆی پێیە و ئەمڕۆش مامەڵەی سیاسیەت عەقڵی ئیدارەكردنی لۆژیكیانە و سەردەمیانەی دەوێ، نەك زمانی ناكۆكی و دووبەرەكی دروستكردن و پەنابردنە بەر وروژاندنی شەقام لە پرسێكی بچووك و گەورەكردنی بۆ مەرامێك، كە هیچ كۆك نابێتەوە لەگەڵ ئەمڕۆی خواستی خەڵك.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌