2010-05-31

فەیسەڵ ئایهان *
لە هەریەك لە توركیا و ئێراق، مەراقێكی زۆر هەیە بۆ سەردانە فەرمییەكەی بەڕێز مسعود بارزانی بۆ توركیا وەك سەرۆكی كوردستان. لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان و یاریدەدەرە نزیكەكانی، كە جەختكردنەوەیەكی بەهێز هەبوو كە لایەنی كوردی گرنگییەكی زۆر تایبەتی بەم سەردانە دەدات.
گرنگترین خاڵی سەردانەكەی بەڕێز بارزانی بۆ توركیا تێپەڕاندنی دیوارە سایكۆلۆژییەكانە كە لە بارودۆخی ئاساییدا پەیوەندییەكانی سنووردار كردووە، وەك لە گەشەپێدانی ئەو هاوكارییە ئابووری و سیاسییەی لە نێوان حكوومەتی كوردستان توركیادا هەیە. هەرچەند دەگوترێت ئەو سنوورانە لەگەڵ سەردانە مێژووییەكەی ئەحمەد داودئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ هەولێر سووك بوون، بەڵام ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان بە شێوەیەكی فڕەلایەن هێشتا نەبووەتە حەقیقەت.
لەگەڵ ئەوەشدا، بە گوێرەی لایەنی كوردی، سەردانەكەی داودئۆغلو بۆ هەولێر خاڵێكی وەرچەرخان بوو لە پەیوەندییەكان. لە میانەی پرۆسەی ئاساییكردنەوەدا، سەردانەكەی داودئۆغلو رۆڵێكی گرنگی گێڕا لە كەمكردنەوەی كینەی جەماوەری هەریەك لە توركیا و كوردی ئێراق كە زاڵبوون بەسەریدا زۆر زەحمەت بوو. دوای ئەوە، بڕیاری توركیا بۆ كردنەوەی قونسوڵییەی لە هەولێر یارمەتیدەر بوو لە نەهێشتنی گومانەكان. ئەو بەرپرسانەی من لە هەولێر چاوم پێكەوت باوەڕیان وایە كە سەردانەكەی بەڕێز بارزانی لە چەند رۆژی داهاتوو دەبێتە هۆی نەمانی دیدگا نەڕێیەكان لە بارەی خودی بەڕێز مسعود بارزانییەوە، بۆیە بەرێز بارزانی لە وەڵامی پرسیارێكماندا گوتی: ئەو گرنگی زۆر بەم سەردانەی بۆ توركیا دەدات و باوەڕیوایە كە سەردانەكەی یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەو هەنگاوانەی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان دەنرێن.
لە میانەی گفتوگۆكانمان لەگەڵ كوردی ئێراق، بۆتدەرەكەوێت كە ئەو گرنگی بە پەیوەندییەكانی حكوومەتی تورك و كورد لە چەند ساڵی رابردوودا دەدەن. دەكرێت بگوترێت، لە دوای 1991ەوە، پشتیوانی جاربەجاری توركیا بۆ بەڕێز مسعود بارزانی گرنگی تایبەتی هەبووە بۆ خۆی و پارتەكەی، بەڵام بە گوێرەی شیكارییەكان، قۆناغی پاش شەڕی ئێراق بووە هۆی ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و حكوومەتی كوردستان بچنە قۆناغێكی تازەوە.
بە گوێرەی ئەوانەی كە دەڵێن پەیوەندییەكان لە دوای شەڕی 2003ی ئێراق گۆڕا، پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیادا زیاتر بوارێكی سەربازی وەرگرت. زۆرێك لەو سیاسەتمەدارە كوردانەی ئێمە قسەمان لەگەڵ كردن باوەڕیان وایە كە لە میانەی ئەو ساڵانەی پەیوەندییەكانمان كێشەی تێدا هەبوو، هەردوو لایەن ئیرادەی ئەوەی هەبوو زمانێكی هاوبەش بۆ دیالۆگ بهێننە كایەوە، بەڵام ئەمە جێبەجێ نەبوو. هەردوو لایەن مەوقعی خۆیان بە گومانەوە تەماشا دەكرد، بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی كەركووك، و نەبوونی متمانە سەرەكیترین كێشەی پەیوەندییەكان بوو. بە گوێرەی بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای پێشكەوتنی پەیوەندییەكان لە بواری بازرگانیدا، بەڵام توركیا خۆی بە دوور گرت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكان بە هۆكاری جیاواز.
دوای ئەوەی توركیا سیاسەتی ((سفر كێشە لەگەڵ دراوسێكانمان)) پەیڕەو كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە چالاكە پشتیوانی لە سیاسەتەكە كرد و پەیوەندی باشی لەگەڵ باڵیۆزخانەی توركیا لە بەغدا و قونسوڵییەی توركیا لە موسڵ هێنایە كایەوە و ئەنجا سەردانەكەی داودئۆغلو بوو بە حەقیقەت. قۆناغە تازەكە، كە بەرپرسانی كوردی پێی دەڵێن ((سیاسەتی بەرێز دادوئۆغلو)) شایەتیدا لە سەركەوتن بەسەر بێمتمانەیی و گومانی دوولایەنەو ئامانجی هەوڵەكانی هەردوولا دروستكردنی مێژووێكی هاوبەشبوو.
لە میانەی چاوپێكەوتنەكەمان لەگەڵ بەرێز مسعود بارزانی، ئەو باسی ئەوەی كرد كە سەردانەكە هەنگاوێكی گەورەیەو بۆیە دۆستایەتی نێوان هەردوو گەل بەهێزتر دەبێت. بە گوێرەی بۆچوونی بەرێز بارزانی، كێشە لەگەڵ توركیا دەبێت وەك كێشە لە ناو خێزانێكدا تەماشا بكرێت. سەرچاوەكانی نزیك لە لەبەرێز بارزانییەوە ئەوەیان گوت كە سەرۆك بارزانی كێشەكانی ئەم دواییە وەك كێشەی نێوان دوو برا دەبینێت و نەهێشتنی ئەو كێشانەش زەروورەتێكی سرووشتییە. كەمال كەركووكی، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، دووپاتیكردەوە ئەو كێشانە سیاسیین و گوتی: هەردوو گەل لە مێژوودا پێكەوە كاریان كردووە و كەوا "ئەگەر لە میانەی جەنگی جیهانی یەكەم، ئەگەر هێڵی شەڕ لێرەی باشوور كە ئێمە لێی دەژین كۆتایی پێ بهاتایە، ئەوە ئەمرۆ ئێرە توركیا دەبوو".
بەرێز مسعود بارزانی بانگهێشتی توركیا كراوە بە ناونیشانی سەرۆكی كوردستان. ئەم حەقیقەتە دەبێتە هۆی زاڵبوون بەسەر ئەو باوەڕەی لایەنی كوردی كە توركیا نایەوێت دان بنێت بە بارودۆخی شەرعی و یاساییان. گەشەسەندنی پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە و و لەسەر ئەوەی كە كورد و تورك دوو كەلی دراوسێی یەكن بووەتە هۆی كاردانەوەی ئەرێنی لە هەرێمی كوردستان. بە گوێرەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو تازە نین، بەڵكو تەمەنیان چەندین سەدەیە. سیاسەتمەدارانی كورد، كە باوەڕیان وایە كێشە وەرزییەكانی پەیوەندی نێوان توركیا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی دادو گەشەپێدانەوە كۆتایی پێدێت لە رێی دیالۆگ و لەسەر بنەمای تێگەیشتنی دوولایەنە، دەڵێن كە كێشەكانی نێوان حكوومەتەكان ناكرێت بە كێشەی نێوان گەلەكان تەماشا بكرێت.
بەرپرسانی كورد دووپاتیانكردەوە كە سەرەڕای ئەو راستییەی كە ئەوان لە لایەن رژێمی سەددام حوسێنەوە هێڕشی دڕندانەیان كرایە سەر لەوانە بە چەكی كیمیاوی، بەڵام ئەوان هیچ رووبەرووبوونەوەیەكی مەترسیداریان لەگەڵ عەرەبدا لە دوای 2003ەوە نەبووە. بۆیە ئەوان دەڵێن كە كوردی ئێراق دەیەوێت پەیوەندی باش لەگەڵ توركیا بنیات بنێت وەك یەكێك لە پێشینە سەرەكییەكانیان لە مێژوودا.
لە دەرەنجامدا، بەرپرسانی و سیاسەتمەدار و خاوەن بۆچوونەكانی كورد كە ئێمە لە هەولێر چاومان پێكەوتن هیوادارن كە سەردانەكەی بەرێز مسعود بارزانی بۆ ئەنكەرە هەوڵەكان بۆ بنیاتنانی دیالۆگێكی نزیك لە نێوان هەردوو گەل خێراتر بكات. لێكۆڵینەوەكانی ئێمە دەریدەخات كە حكوومەتی كوردستان، سەرباری خەمڵاندنی هەرێمایەتی و هاوسەنگییە سیاسییە تازەكانی ئێراق، بایەخدەدات بە سیاسەتە هەرێمایەتییەكانی توركیا و دەگەڕێت بە دوای هێنانە ئارای سیاسەتێكی هاوبەش لەگەڵ توركیا لەسەر داهاتووی ئێراق.

* راوێژكاری سەنتەری ئۆرسام بۆ دیراساتی ستراتیژی رۆژهەڵاتی ناوەراست و مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی ئابەنت ئیزەت بایساڵ

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌