2010-06-02

روونكردنەوەیەكی پێویست

 پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو راستییەیان لا یەكلابۆتەوە كە بەحوكمی متمانەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان بە هەردوو لایان و هەستیاریی بارودۆخی نەتەوەیی و نیشتمانیمان و هەبوونی كۆمەڵێك ئەركی هاوبەشی ئەم قۆناغە و لەپێناوی یەكڕیزی و رێكخستنی نێوماڵی كوردی و سەنگی كوردستان لە پرۆسەی سیاسی عێراق و هەرێمایەتیدا، بەپرسیارێتی زێدەتر دەكەوێتە ئەستۆی ئەمان، بۆیەلە 27-7-2007دا بە ئیمزای بەڕێزان جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی رێكەوتننامەیەكی ستراتیژییان راگەیاند. بڵاوكردنەوەی دەقی ئەو رێككەوتنامەیە بۆ ئەوەیە هەموو خەڵكی كوردستان ئاگاداری راستگۆیی ئەو دوو حزبە سیاسییەی كوردستان و عێراق بن بەرامبەر بە میللەتەكەیان كە رێككەوتنی نێوانیان تەنیا رێككەوتنی دوو حزب نییە، بەڵكو چووە چوارچێوەیەكی سیاسی و بەیەكەوە كاركردنی هەردوولایە بۆ یەكگرتووی حكومەتی هەرێم تۆكمەی گوتاری سیاسیمان لەپێناو پارستنی ئاسایشی هەرێم و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆرو گەشەپێدانی بیری نەتەوەیی لەسەر بنەمای دیموكراسی و مۆدێرن، هەروەها دابینكردنی ئازادییەكانی تاكو كۆمەڵ و زامنكردنی مافی نەتەوەو ئاین مەزهەبە جیاوازەكانی كوردستان. شایانی باسە لە دوای ئەو رێككەوتنەوە تا ئەمڕۆ بە هاوكاری حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان، بەشێكی زۆری بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتننامەیە جێبەجێكراون و پرۆسەی سیاسی و حوكڕانێتیی لە هەرێمی كوردستاندا پێشكەوتنی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە. ئێستا لە هەرێمدا یەك حكومەت هەیە و وەزارەتەكانی وەكوو دارایی و پێشمەرگە و ناوخۆ یەك وەزارەتن و لەلایەن یەك ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەڕێوەدەبرێن. لێرەدا دەقی ئەو رێككەوتنە بڵاودەكەینەوە كە بە راستی رێككەوتنێكی ستراتیژییە و هەموو پرۆسەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگاكەمانی لە وەرچەرخانێكی مێژووییدا خستەسەر راستەڕێی خۆی و بە بەرژەوەندی دۆزی رەوای گەلەكەمان و ئازادی و یەكگرتوویی و تۆكمەیی سیاسی و كۆمەلایەتیمان شكایەوە و ئەمڕۆ بەرهەمەكەی دەچنینەوە.

رێككەوتنی نێوان

(پارتی دیموكراتی كوردستان) و (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)

لەبەر هەستیاریی بارودۆخی نەتەوەیی و نیشتمانیمان و هەبوونی كۆمەڵێك ئەركی هاوبەشی ئەم قۆناغە و بەحوكمی متمانەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان بە هەردوولامان و مێژوو و خەبات و قوربانیی چەندین ساڵە لەپێناو ئامانجە ڕەواكاندا، قورسایی زێدەتر دەكەوێتە ئەستۆی هەردوولامان، بەتایبەتی بە هەڵواسراوییمانەوەی چەند كێشەیەكی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانی لە سەرووشیانەوە كێشەی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان. لە بەرامبەر پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵوێستی هەرێمایەتی، یەكڕیزی و رێكخستنی نێوماڵی كوردی سەنگی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیدا بە سوودی گەلەكەمان گرانتر دەكات.

هەروەها لەپێناوی پاراستنی ئاسایشی هەرێم و هاندانی هزری نەتەوەیی لەسەر بنەمای دیموكراسی دوور لە توند و تیژی و دابین كردنی ئازادییەكانی تاك و كۆمەڵ و مسۆگەركردنی مافی نەتەوە و ئایینزاكانی كوردستان و پاراستنی مافی مرۆڤ و مافی ئافرەت و منداڵ و، بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و بەرهەڵستكاریی تیرۆر و چەسپاندنی حوكمی یاسا و بەرەو بەمەدەنیكردنی كۆمەڵگە كە تیایدا هەموو دامودەستگاكانی هەرێم بەشێوەی موئەسەساتی بەڕێوە بچن و بەرەوپیر قۆناغی جیاكردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و بازاڕی ئازاد و پتەوكردنی هاوپەیمانی لەگەڵ گشت دۆستەكانی راستەقینەی میللەتەكەمان بەتایبەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گۆڕینی باری ئێستای كوردستان و حزبە سیاسییەكانی بۆ بارێكی یاسایی باشتر بۆ پێكەوەژیانی سروشتی.

(یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) و (پارتی دیموكراتی كوردستان) ئەم رێككەوتننامەیە رادەگەیەنن

یەكەم: لایەنی سیاسی و تیۆری:

ئەم رێككەوتننامەیە لەسەر بنەمای پەیمانێكی سیاسی، نیشتمانی و نەتەوەیی كوردستانییە كە تیایدا وتاری سیاسیی كورد لەسەر ئاستی بەرژەوەندیی باڵا رەنگ بداتەوە، بەدیاریكردنی ئەركەكانی بزاڤی رزگاریخوازیی نەتەوەییمان و پشتگیری و بەهێزكردنی دامەزراوە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان.

پابەندبوونی هەردوولا بەم رێككەوتننامەیە لە هەموو ئاستەكانی قەوارەیی، سیاسی، ئیداری و كۆمەڵایەتی دەگرێتەوە بەهەموو ناوەند و ئۆرگان و ڕەگەزەكانییەوە لەم قۆناغەدا تا گەیشتن بە قۆناغێكی دیكەی سیاسی كە خواست و مافە نەتەوەییەكانمان بەشێوەیەكی جیاواز لەم قۆناغە دێتەدی. هەردوولا و لەژێر پاساوی تەیاری فكری سیاسی نابێت ئەم رێككەوتننامەیە بەلاوە بنێن، بەڵكوو دەبێت پابەند بن، لە هەموو كۆنفرانس و كۆنگرەكانیشدا ڕەچاوی ئەم پرۆسەیە بكەن.

پتەوكردنی هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان.

دووەم: لایەنی پەرلەمانیی:

ڕێكخستنی فراكسیۆنی هەردوولا بۆ ئاسانكردنی درووستبوونی یەكدەنگی لەسەر یاسا و پرۆژەكان و دەنگدان لەسەریان، هەروەها باشتر چاودێریكردنی حكوومەت.

هەڵبژاردنی پەرلەمان بە یەك لیست دەبێ و ئەمە ڕەنگدانەوەی دەبێ لەسەر هەموو ئەنجوومەن و سەندیكا و كۆمەڵە و رێكخراوەكان و ئۆڵۆمپی بەپێی تەوافوق و تەوازن.

سێیەم: لەڕووی حكوومەتەوە:

ژمارەی وەزارەتەكان كەم بكرێتەوە، بەپێی پێویست تەرشیقی حكوومەت بكرێت لەسەرەوە بۆ خوارەوە و چاو بخشێنرێتەوە بە بوودجەی حكوومەتدا بەجۆرێك كە بەشە هەرە زۆرەكەی بۆ ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و خوێندەواریی و تەندروستی و خزمەتگوزاریی بێت.

حوكمڕانیی حكوومەت هەموو هەرێم بگرێتەوە نەك ئیجازە لە پارتی و یەكێتی وەربگرێ بۆ بەدواداچوونی حووكمڕانیی خۆی و جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆی و دەستكاری لە دامەزراوەكاندا و هەموو بابەتە پەیوەندارەكان.

یەكخستنی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و دارایی و ناوخۆ و دەزگاكانی ئاسایش پێش كۆتایی ساڵی 2007 بۆ ئەوەی یەك حكومەتیی مانای خۆی بدات بەتەواوی.

شكاندنی دیواری تاكە لایەنی لە ئیداراتی كوردستاندا هەر لە خانەقینەوە تا زاخۆ بە تەوافوق و تەوازن و اعتمادكردن بە پرنسیپی كفائات.

چوارەم:هاوكاری و هەماهەنگیی تەواو لەسەر ئاستی عێراق لەپێناوی چەسپاندنی حوكمی فیدڕاڵی دیموكرات و پێكهێنانی بەرەیەكی نیشتمانی لەسەر ئاستی عێراق و دابینكردنی موشاركەی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی حوكم و هەڵسووڕاندنی كاروبارەكانی سیاسی و ئابووری و نەوت و عەسكەری و پەیوەندییەكانی عەرەبی و ئیقلیم و جیهانی.

بەگژاچوونی تیرۆریزم و گێرەشێوێنی و هەڵگەڕانەوە لە حوكمی قانوون بۆ دابینكردنی ئاشتی و ئارامی و سەروەریی دەستوور و قانوون

دانانی پاڵێوراوی ژیر و كارا و بە توانا و زمانزان بۆ پەرلەمانی عێراق لە لیستی هاوبەشدا

هەڵبژاردنی وەزیرەكان و فەرمانبەرانی دیكەی كوردستان لە كابینەی بەغدا بە ڕەچاوكردنی توانا و تەوازن و لێوەشاوەیی

پێنجەم: لەڕووی پەیوەندیی دەرەوە و دیبلۆماسییەوە

یەكخستنی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە و دەستنیشانكردنی كەوادری لێهاتوو لەم بوارەدا

یەكهەڵوێستی لەكاری پەیوەندیی دەرەوە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتە ئیقلیمییەكان و نێودەوڵەتییدا. یەكهەڵوێستی لە هەمبەر پەیوەندییەكانی كوردستانی لەناوەوە و دەرەوە.

شەشەم: میكانیزم و چاودێری

دامەزراندنی هەیئەتێكی كارگێڕیی هاوبەش لە چەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی هەردوولا بۆ سەرپەرشتی كردنی چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتننامەیە

هەمان دامەزراوە لەسەر ئاستی لق و مەڵبەندەكانیش دابمەزرێ بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی دێنەپێش

سەركردایەتیی هاوبەش و دامەزراوەی هاوبەش ئەركیانە رۆحی ئەم رێككەوتننامەیە شۆڕبكەنەوە خوارێ بۆ ناو رێكخستنەكانی هەردوولا بە بەستنی كۆڕ و سمینار لە هەموو دەڤەرەكاندا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی سەركردایەتیی هاوبەش

هەردوولا و هەموو پێكهاتەكان نابێت خۆیان لەجیاتی حكوومەت و دامەزراوەكان دابنێن بەڵكوو هەموو پشتگیرییەك بۆ حكوومەت و دامەزراوەكانی هەرێم دابین بكەن

سزادانی هەر كادرێك لەهەرلاوە دژی ئەم رێككەوتننامەیە بن

حەوتەم: لەڕووی راگەیاندنەوە

 ٭ لەسەر ئاستی هەرێم

پابەندبوون بە ئەخلاقیاتی رۆژنامەگەریی و ڕاگەیاندن، بە سایتەكانیشەوە، لەسەر بنەمای یاسا و رێكخستنەوەی یاسای باری ڕاگەیاندنی هەرێم و پەلەكردن لە دەركردنی پرۆژە یاساكان بۆ ئەم مەبەستە.

٭ لەسەر ئاستی ڕاگەیاندنی هەردوو حزب

 1- دامەزراندنی هەیئەتێكی راگەیاندنی هاوبەش بۆ ئامادەكردنی وتاری یەكگرتووی ڕاگەیاندن

2- ڕەنگدانەوەی ئەم وتارە یەكخراوە لە كەناڵەكانی تەلەفزیۆن، ڕادیۆكان، رۆژنامە و گۆڤارەكاندا.

3-ڕێگە نەدان بەهەر هزر یان زاراوەیەك لە راگەیاندنی هەردوولا كە هاندەری دژایەتیی حكوومەتی هەرێم و هەردوولای تێدا بێت

هەشتەم: لەڕووی نەهێشتنی كێشەی پاشماوەكانی قۆناغی رابردوو

چارەسەركردنی كێشەكانی خانووبەرە و زەوی و زاری خەڵك كە بە بڕیاری هەردوولا زەوت كراون یان دابەش كراون. یەكخستنەوەی یاساكان و تەعلیماتی هەردوو ئیدارەی پێشوو بەتەواوی و نەهێشتنی ئاسەوارەكانی قۆناغی لەتبوون. لە كۆتاییدا دەبێ ئەم رێككەوتننامەیە كاریگەریی ئەرێنی (ئیجابی) هەبێ بۆ نەهێشتنی باری گرژی و زاڵبوونی گیانی یەكڕیزیی و تەبایی و چەسپاندنی باری ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها هەماهەنگی و پێكەوە كاركردن لەجیاتی ئەو ململانێیەی بەدەستییەوە دەمانناڵاند، رێگەگرتن لە هەلپەرستان و سەنگەرگۆڕە بێ بنەماكان. هەروەها ئەم رێككەوتننامەیە دەبێتە مایەی رێگەگرتن لە پرەنسیپی پەنجا بە پەنجا و نابێتە هۆی بەرتەسك بوونەوەی ئازادیی سیاسی و دیموكراتی، بەڵكوو بە پێچەوانەوە هەروەكوو لە دەستووری كوردستاندا هاتووە

هیوادارین ئەم یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستییە ببێتە مایەی ئەوەی پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و رێكخراو و دامەزراوە دیموكراتییەكان پتر بەگەڕ بخرێن و پشتیوانی بكرێن و نابێ ئەم رێككەوتنە ببێتە ئەگەری بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆنی نەرێنی (سلبی) لە كوردستاندا یان لەژێر سایەیدا گەندەڵی سیاسی و ئیداریی حەشار بدرێن، بەڵكوو پێویستە نەخشەیەكی ژیرانەی بۆ دابندرێت بۆ لەڕەگ و ڕیشە هەڵكەندنی گەندەڵیی سیاسی و ئیداریی. هەروەها هەوڵدان بۆ ناساندنی ئەو جینۆسایدەی دژ بە گەلی كورد كراوە بە دونیا

بۆیە ئەم رێككەوتنە لە ڕوانگەی دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان و درووستكردنی متمانەی پتری جەماوەر بە پێویست دەزانین.

 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان          پارتی دیموكراتی كوردستان

 

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌