2010-06-05

زۆر سوپاس بۆ وتە پڕ بەهایەكەی بەڕێزتان، هەروەها زۆر سوپاس بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەو ئێمە هەست دەكەین لەنێو براو كەسوكاری خۆمانین. بە هەموو باوەڕەوە دەڵێم ئەو رۆژەی جەنابتان تەشریفتان هێناو سەردانی هەولێرتان كرد پەیوەندی نێوانمان كەوتەوە سەر رێگەیەكی راست و دروست، كە گۆڕانێكی گەورەی بەسەر بارودۆخی ئێمەو ناوچەكەیدا هێنا، ئەمڕۆش سەردانی من بۆ ئەنقەرە جێی خۆشحاڵیمەو تەواوكەری ئەو سەردانە بوو بۆ پتەوكردنی پەیوەندی برایانەو دۆستانەی نێوانماندا. ئێمە لە گرنگی توركیا دەگەین وەكو دەوڵەتێكی كاریگەر لەناوچەكەدا. هەروەها ئایندەیەكی گەش لە پەیوەندی نێوان ئێمەو توركیادا دەبینین، هەردوولامان زۆر بەرژەوەندی هاوبەش و مەزن و گرنگ لە نێوانماندا هەیە. توركیا پردێكە بۆ ئێمە وەكو خەڵكی ئێراق بەگشتی لەگەڵ ئەورووپا، هەروەها ئێراقیش پردێكە بۆ ناوچەی كەنداو، هەروەها هەرێمی كوردستانیش پردێكی پتەوە لەنێوان توركیا و ئێراق. من ئەو دەرفەتە دەقۆزمەوە بۆ ئەوەی سوپاسی خۆمان بگەینمە جەنابی سەرۆك وەزیران و حكوومەتی توركیا بۆ سیاسەتی كرانەوەو ئەو رۆڵە كاریگەرەی دەبینێ، كە بەڕاستی مێژوویەكی نوێ دێتە ئاراوە. هەروەها رۆڵی جەنابتان رۆڵێكی بەرچاوە، من دەمەوێ بەراشكاوی بڵێم، كە ئێمە ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاریەكین بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوانمان رۆژ بەرۆژ بەرەو پێشەوە بچێت، هەروەها دەمەوێ بڵێم ئێمە زۆر نیگەران دەبین كاتێ خوێنی هاووڵاتیەكی توركیا چ كورد بێت چ تورك دەڕژێ، پێویستە كۆتایی بەمە بێت، ئێمە سەرەخۆشی خۆمان لە خانەوادەی ئەو گەنجانە دەكەین لە دوا رووداوا ژیانیان تێداچوو. سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئێراق من دەمەوێ دووپات بكەمەوە كە رۆڵی ئێمە رۆڵێكی ئیجابی دەبێت و هەموو هەوڵێك دەدەین هەموو پێكهاتەكانی ئێراق بەشداربن لە حكوومەتی ئایندەدا.

جارێكی دیكە سوپاس بەڕێزتان دەكەم و ئومێدەوارم سەردانی ئێمەوئێوە زیدەتربن.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌