2010-06-05

سەرەتا بەخێرهاتنی جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی ئێراق و شاندی یاوەری دەكەین بۆ ئەنقەرە جەنابیان دوای شەش ساڵ ئەوە یەكەمجارە سەردانی وڵاتی ئێمە دەكات، بەنیسبەت بایەخ و ژیان و رابردووی هاوبەشی نێوانمان، ئەو ماوەیە، ماوەیەكی درێژە، سەردانی ئەمڕۆ بەسەردانێكی سرووشتی دەبینین.

توركیا لەبەرامبەر سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراوەیە، ئێمە دەمانەوێ پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو دەورووبەر سرووشتی بێت، ئێمە دەمانەوێ مێژووی خۆمان لەگەڵ كوردو عەرەب و فارس و شیعەو سووننە سرووشتی بكەین، هەروەها ئێمە رێزی سنووری خۆمان دەگرین و دەبێ هەموو توخمە پێویستیەكانی نێودەوڵەتی بێنە جێبەجێ كردن.

بەڵام دەبێ هەموو ئەو كۆمەڵانە بەشداربن لە پێكهێنانی داواكارییەكەماندا. لەبەر ئەوە ئەو سەردانە جێی بایەخە. لە قۆناغ و كاتێكی وا دایە كە هەموو روویان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە سەر لەنوێ دێتە پێكهێنانەوە، ئێراقی براو دۆست دوای هەڵبژاردن جارێكی دیكە بونیاد دەنرێتەوە، ئێمە دەمانەوێ داهاتوویەكی هاوبەش لە بارەی ئاشتی و هێمنی و پێكەوە ژیان بێتە ئاراوە. بۆ پێكهاتنی پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ئێراق و برایانی كوردمان لە ئێراقدا بایەخی هەیە. سەردانی جەنابی سەرۆك وەزیرانی ئێمە لەساڵی رابردوو بۆ بەغدا و ئیمزاكردنی 48 رێككەوتن، ئێمە ئەوە بۆ ئێراقێكی ئازاد بە رەگەزێكی گرنگ دەبین، رەگەزی هەرە گرنگی ئێراق لەو برایەتیەدا، برایانی كوردی ئێراقن وەك رەگەزێكی هەر كاریگەر لەو پەیوەندیەدا، لەبەر ئەوە لەمانگی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو پاش 15رۆژ لەسەردانی جەنابی سەرۆك وەزیراندا بۆ ئێراق، ئێمە سەردانی بەغداو بەسراو هەولێرمان كرد.

زۆر جێی سەر بڵندی منە وەكو وەزیری دەرەوە شیام سەردانی ئەوسێ شارەی ئێراقم كرد، ئەوكات من میوانداریەكی گەلێك مەزنم لە جەنابی كاك مسعودەوە بینی و وەكو خانەوادەیەكی رەسەنی ئێراق ئێمە پەیوەندییەكی ریشەدارمان لە خانەوادەی كاك مسعود بینی، لەو سەردانەدا ئێمە هەندێك تایبەتمەندیمان خستە واری بڕیارەوە، ئێمە كونسوڵگەری خۆمان لە هەولێر كردەوە. بەراستی میواندۆستیەكی زۆر گەورە لە كونسوڵی گشتی ئێمە لەوێ كرا. هەر لەو ماوەیەدا جەنابی وەزیری ناوخۆی ئێمە سەردانی هەولێری كردو هەروەها وەزیری پیشەسازی كاك سینان و وەزیری وزە كاك د.ئاشتی سەردانی ئێرەیان كردووە.

ماوەیەك لەمەوپێش ئێمە بڕیارمان داوە كە پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ئەواندا وەكو پردێك دەبێت لەگەڵ ئێراق و تێكەڵاویەكی ئابووری تەواو دێتە پێش. هەروەها ستراتیژەكانی هاوبەش پەرە پێ دەدەین لە رووی ئابووری و وزەو پەیوەندی دوو قۆڵیەوە. لەنزیكترین كاتدا هێڵی ئاسمانی توركیا دەست بەسەفەری خۆی بۆ هەولێر دەكات، هەروەها بەرنامەمان هەیە بۆ كردنەوەی بانكی كشتوكاڵی و كاری توركیا لە هەولێر، ئێمە دەمانەوێ زانیاری نوێ لە پەیوەندی پەروەردەیی دروست ببێت لەنێوان زانكۆ و رۆشنبیرانی ئێمە. بەداخەوە هەندێك لایەن هێشتا لە هەوڵی تێكدان دان، چونكە ئەو جێی تیرۆری لێ بێت داهاتوی نابێت و پەیوەندییەكانیش بەرەوپێش ناچن، پەرەسەندنی پەیوەندییەكانیش جێی رەزامەندی ئێمەیە. پەنا بەخوا ئێمە لە هەوڵداین بۆ دامەزراندنی داهاتوویەك كە نەوەكانمان هەست بەهیچ مەترسییەك نەكەن. هەروەها سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئێراق، ئێمە لەگەڵ جەنابی بەرێز بارزانی باسمان كرد. هەڵبژاردنەكە نیشانەی ئیرادەی خەڵكی ئێراقە، جێی دڵخۆشی توركیایە كە دوو رۆژ پێش ئێستا دادگای باڵای ئێراق موسادەقەی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن كرد، ئێمە لەو قەناعەتە داین كە گەلانی ئێراق بە گەشبینیەوە رەفتار دەكات بۆ پێكهێنانی حكوومەتی دادێی ئێراق، توركیا هەمیشە لای برایانی خۆی لە ئێراق دەگرێ، رەگەزی مەزهەبی و نەتەوەیی و ئیتنی لە ئێراق هەر چییەك بێت، ئێمە بەیەكسانی و چاوی برایەتیەوە لەگەلانی ئێراق دەڕوانین، هەروەها هەموو رێگاكانیش بەهەولێر تێدەپەڕن، ئەو برایەتیەی ئێمە لەگەڵ خەڵكی هەولێر و كەركووك و مووسڵ دا هەیە، دەبێتە نموونەیەكی برایەتی لە هەموو دونیادا، جارێكی دیكە بەخێرهاتنی جەنابی كاك مسعود دەكەم.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌