2010-06-05

شێرزاد هەورامی: لاموایە كاتی ئەوە هاتووە هەوڵبدەین فلیمە كوردییەكانی خۆمان هانبدەین بۆ بەخشكردن تاكو میللەتەكەمان سوودی لێ وەربگرێ، رۆژانە چاومان بە جۆرەها فلیمی بیاین دۆبلاجكراو یا زوبانی كوردی دەكەوێ لە تەلەفزیۆنەكانی هەرێمی كوردستان، خەڵكانێكی زۆر سەیری ئەم جۆرە فلیمانە دەكەن، بەڵام كوانێ فلیمی كوردی؟

كاتی خۆی دوو سینەمای جوانمان هەبوو یەكیان حەمرا بوو ئەوی دیكەش سەلاحەدین بوو.

شارێكی وەكو شاری هەولێری پایتەخت بەداخەوە كەوا سینەمایەكی شارستانی و رێكو پێكی تێدا نییە.

حەقی وایە بەرپرسانی ئاوەدانكردنەوەی شارە دێرینەكەمان چۆن هەوڵ دەدەن لە هەموو بوارێكدا بۆ پێشخستنی شارەكەمان كار دەكەن، دەبا هەولێریش هەروەكو شارەكانی دونیا بەرەو پێشكەوتن بڕوا لە بواری سینەما، چونكە بەڕاستی سینەما هەر لە دێر زەمانەوە بایەخی پێدراوە و هەبووە و سوودیشی بۆ كۆمەڵگە هەبووە، بەتایبەتیش بۆ لاوان و گەنجەكان. گەر هاتوو سینەماكان دروستكران بە شێوەیەكی مۆدێرن. لە كاتی پەخشكردنی هەر فلیمێكی بیانی حەقیوایە هەموو فلیمەكان پێشپەخشكردنیان لە سینەماكان رەوانەی لیژنەی بەدواداچوون بكەن ئەگەری فلیمەكە باشە یان خراپە بۆ پەخشكردن و جەخت بكرێ لەسەر ئەو كۆمپانیانەی كەوا فلیمەكان دەهێنن لە دەرەوەی هەرێم، پێویستە فلیمی خێزانی بێت و فلیمی بە سوود بێت بۆ گەنجان و خێزانداران، حەقی واشە وەزارەتی رۆشنبیری جەخت لەسەر بەرپرسانی سینەماكان بكات كەوا فلیمی كوردییەكان پەخش بكرێت لە سینەماكان، نەك فلیمە بیانییە دۆبلاژەكان خۆشترین یادریگاری من كاتێ تەمەنم 10 ساڵان بوو لە 1960 دا لە یادمە لە شارێكی هەولێر دوو سینەما هەبوو یەكیان سینەما (حەمرا) بۆ ئەوی دیكەش سەلاحەدین بوو هۆڵەكانی سینەماكان بەم جۆرە بوون:

یەكەم بەش بەشی لۆجەكان بوو 8 لۆجی تێدا بوو، هەر لۆجێك چوار كورسی تێدا بوو، خێزاندار لەناوی دادەنیشت بۆ تەماشاكردنی فلیمەكان و نرخیش 240 فلس بوو بۆ یەك لۆج.

بەشی دووەم لە پێش لۆجەكان بوو كورسییەكی زۆری لێداندرابوو، پلیتەكەشی بۆ یەك نەفەر 60 فلس بوو، كاتی خۆی ناویان لێنابوو 60 فلس بایی و بەشی سێیەم لە پێش كورسییەكانی 60 فلس بایی دیوارێكی نزم هەبوو لە بەینی بەشی دووەم و سێیەم، پڕ كورسی درێژ بوو و هەر كورسییەك جێگای 4 كەس دەبۆوە و پلیتەكەش 40 فلس بوو پێیان دەگوت 40 فلس بایی.

بڕوام پێ بكەن ئەو دوو سینەمایانە بە رۆژ و شەو راوەستانیان نەبوو لە پەخشكردنی جۆرەها فلیمی خۆش و بەتام، زۆرجار خەڵكانێكی زۆر دەچوونە ژووری سینەماكان، جێگا نەدەما بە راوەستان سەیری فلیمەكەیان دەكرد، رۆژانە 40 تا 50 جار فلیمەكان پەخشدەكران، شەوانیش هەروەها پەخشدەكرا و كاتی پەخشكردنی هەر فلیمێك ماوەی پشووی هەبوو (5) خولەك پێیان دەگوت (فەترەی فلیمەكەیە) كاتێ دەهاتینە دەرەوە پلیتیان دەداینێ تا كو بتوانین بە پلیتكە بچینە ژوورەوەی سینەماكان و خۆشترین یادگاریش ئەوە بوو كە قەت لە یادم ناچێ كاتی فەترەی فلیمەكە دەچووە لای مام نادری رەحمەتی كە لە بن دیواری سینەمای حەمرا عارەبانەیەك هەبوو لەفەی هێلكە و توورشی سۆری دەفرۆشتن دەچوومە لای 10 فلسم دەدایێ لەفەكی هێلكە و توورشی سووری لەناو قابێك دەكرد و دەم خوارد، ئێستاش تامی لەسەر زارم ماوە، خۆزگەم بەو رۆژەی كە قەت نایەتەوە، یاینش جارجار سیفۆنی مام ساڵح سیفۆنی رەحمەتیم دەخوارد، بڕوا بكەن زۆر بەتام بوو لە كۆكای ئێستاش بەتام تر بوو، زۆر نەفەر هەبوو لە كاتی فەترەی فلیمەكە پلیتەكەی خۆی دەفرۆشت بە 10 فلوس لە ترسی باوكی تاكو زوو بگەڕێتەوە ماڵەوە، چونكە كاتی خۆی دەبا ئێمە پێش مەلای مەغریب لە ماڵ بین، ئەگەر دواكەوتینایە لێدانمان دەخوارد!

ئێستاش لە شاری هەولێری دێرین ئەسەری ئەو دووسینەمایانە نەماوە جا زۆر پێویستە كەوا چەند سینەمایەكی قەشەنگ دروست بكرێت تاكو كۆمەڵگەكەمان سوودی لێ وەرگرن، بەتایبەتیش گەنجەكانمان. داواكارم لە وەزارەتی رۆشەنبیری كەوا هەوڵی ئەوە بدات بۆ دروستكردنی چەند سینەمایەكی شارستانی. ئەوەش دەتواندرێ لە رێگای كەرتی تایبەتەوە بەو مەرجەی ئاسانكاری بۆ بكرێ تاكو هەستێ بە دروستكردنی چەند سینەمایەكی  مۆدێرن تا شاری هەولێریش وەكو شارەكانی دیكە بێبەش نەبێ لە سینەمای قەشەنگ، چونكە بەڕاستی خەڵكی كوردستانیش پێویستیان بە سینەما هەیە!

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌