2010-06-06

رۆژی هەینی، بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان، لە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا، لە لایەن دامەزراوەی (ئۆرسام)ەوە سیمینارێكی بۆ سازدرا. لەو سیمینارەدا، كە ژمارەیەك سیاسی و باڵیۆز و دیپلۆمات و كەسانی ئەكادیمی و توێژەران و بزنسمانان ئامادەیبوون سەرۆك بارزانی تیشكی خستەسەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان وئێراق بەگشتی هەروەها تیشكی خستەسەر پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان وتوركیا وگەشبینیی بەئایندەی ئەو پەیوەندییانە نیشاندا.

ڕۆڵی گرنگی سەرۆك بارزانی لەبزاڤی نەتەوەیی كوردو ئێراقی تازە

پرۆفیسۆر د. مەلیحە ئالتونشك بەڕێوەبەری سیمینارەكە خۆشحاڵیی خۆی بەمیوانداریكردنی سەرۆكی كوردستان نیشانداو تیشكی خستە سەر ژیاننامەی بەڕێزیان و گوتی: بەرێز بارزانی لە ساڵی 1946 لە مەهاباد لە ئێران لە دایك بووە. بەرێزیان لە ساڵی 1971 بۆ كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردرا و دواتر بۆ مەكتەبی سیاسی. وەك دەزانن، بەرێزیان لە خانەوەدایەكی بەناوبانگی سیاسیی ئێراقە. دواتر لە ساڵی 1979 بە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردرا و لە 1993 و 1999 بە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردایەوە. بارزانی رۆڵێكی گەورەی بینی لە هێنانەئارای هەماهەنگی نێوان پارتە سیاسییە كوردییەكان لە ئێراق. لە دوای شەڕی كەنداو لە ساڵی1991 بەرێز بارزانی سەرپەرشتی بزووتنەوەی كوردی لە دژی رژێمی سەددام حوسێن دەكرد. یەكەم هەڵبژاردن لەسەرتاسەری ئێراق لە هەرێمی كوردستان لە ئایاری ساڵی 1992 بەرێوەچوو كە یەكەم ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردستان هەڵبژێردرا. لە دوای 2003 بەرێز بارزانی بووە ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم و لە ئایاری 2004 بووە سەرۆكی دەوریی ئەنجوومەنەكە. ئەو رۆڵێكی زۆر گرنگی گێرا لە بەدەستهێنانی دانپێدانانی یاسایی بە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یاسای ئیدارەی كاتی. دواتر، ئەو كەسایەتییەكی گرنگ بوو لە داڕشتنی دەستووری ئێراق بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە سیاسییەكانی دیكەی كورد لە دانووستاندنی سیستەمێكی فیدراڵی تازە بۆ ئێراق. بەرێز بارزانی وەك یەكەم سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە 12 حوزەیرانی 2005 سوێندی خوارد. لە تەمووزی2009 لە یەكەم هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆكایەتی كوردستان بەرێزیان لە لایەن جەماوەرەوە هەڵبژێردرانەوە كە توانی 69.9%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت. وەك دەزانن، فەخامەتی بەرێز مسعودبارزانی لێرە لە توركیا لەگەڵ چوار وەزیردایە، وەزیری ناوخۆ، وەزیری سەرچاوە سروشتییەكان، وەزیری بازرگانی و وەزیری پەروەردە، و گوێبیستی ئەوە بووین كە رێككەوتننامەی گرنگ لە بواری ئەمنی و هاریكاری ئابووری لەگەڵ توركیا ئیمزا كراوە.

قۆناغێكی نوێی پەیوەندی

لەبەرایی سیمینارەكەدا سەرۆكی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم دەرفەتە نیشانداو ئاماژەی بەوەدا ئەو سەردانە درێژەپێدەری سەردانی وەزیری دەروەی توركیا بوو بۆ هەرێمی كوردستان وگوتی: سەرەتا دەمەوێت بەخێرهاتنتان بكەم. من زۆر خۆشحاڵم ئەم دەرفەتەم بۆ رەخساوە بۆ قسەكردن لەگەڵ ئێوە لەم بەیانییەدا. سەردانەكەی ئێمە بۆ توركیا لە بەردەوامی و درێژەپێدەری ئەو سەردانەبوو كە لە لایەن وەزیری دەرەوە و وەزیری ناوخۆی توركیاوە بۆ هەرێمی كوردستانی ئێراق سازدرا. دەتوانم بڵێم پەیوەندییەكانمان چوونەتە قۆناغێكی نوێوە. قونسوڵییەی گشتی توركیا بە فەرمی لە توركیا كراوەتەوە. گەورەترین و زۆرترین كۆمپانیای چالاك لە هەرێمی كوردستان كۆمپانیا توركییەكانن. ئێمە داهاتوویەكی گەش لە بەردەم خۆمان دەبینن بۆ ئەوەی پەیوەندی بەهێز لە هەموو كایەكاندا دروست بكەین. بۆیە ئێمە رێزمان هەیە بۆ خەڵكی توركیا و بۆ حكوومەتی توركیا، ئەو ڕاستییەی كە ئێمە دراوسێین، بۆیە خواستی ئێمەیە بۆ بە ئاشتییانە تا هەتایە بژین و پەیوەندی گەرموگوڕمان هەبێت. لەسەر ئەم بنەمایە سەردانەكەم بۆ توركیا ئەنجام دراوە بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییانە بەهێزبكەین و گەرموگوڕتر بكەین و پێشكەوتنی زیاتر لەم پەیوەندییانە بەدەست بهێنین. بۆیە ئێمە دوێنێ چەند كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ فەخامەتی سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە و وەزیری ناوخۆ ئەنجامدا. هەروەها زنجیرەیەك كۆبوونەوەمان سازدا و گەشبینین بە دەرەنجامی كۆبوونەوەكان كە لێكتێگەیشتنی هاوبەش هەیە. هەروەك رەنگە بزانن، بارودۆخی ئاسایش لە هەرێمی كوردستان زۆر جێگیر و ئارامە. ڕاستیی سەقامگیری هەرێمی كوردستان دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت بۆ ئەوەی ببێتە پردێك و دەروازەیەك بۆ بەرژوەندییە هاوبەشەكانی توركیا و ئێراق و ئەو پردە بۆ توركیا گرنگیشە كە دەتوانێت هەتاكو كەنداو بیبات. ئێمە پابەندین بە یەكێتی ئێراق بە مەرجێك كە ئێراق بە گوێرەی دەستوور حوكم بكرێت لەبەر ئەوەی ئێمە ئەوە لە بەرژوەندی خەڵكی ئێراق و بەرژەوەندی سەرجەم ناوچەكەدا دەبینینەوە. هەروەكو رەنگە بزانن، ئێمەی ئێراقی كارمان لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردن كردووە و لەم دواییەشدا ئەنجامەكان لە لایەن دادگای دەستوورییەوە پەسەندكران، بۆیە لە ئێستاوە پرۆسەی جیددی دانووستاندن بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەستی پێ كردووە. ئێمە وەك هەرێمی كوردستان رۆڵێكی یارمەتیدەر دەگێڕین، بۆ ئەوەی هەموو ئەو بەربەستانەی لەو بوارەدا دێنە پێش لابەرین. ئێمە باوەڕمان وایە لەم قۆناغە و لە داهاتووشدا ئێراق پێویستی بە جۆرە حكوومەتێكە كە هەموو كەسێك لە خۆبگرێت، دەبێت حكوومەتێكی فراوان بێت كە هەموو پێكهاتەكانی ئێراق لە خۆبگرێت. سەركەوتوو نابێت ئەگەر تایەفەێك یا هەر پێكهاتەیەك پەراوێزبخرێت یا لە خۆنەگرێت. لەسەر ئەو بنەمایە دانووستاندنەكان دەست پێدەكەنەوە و شاندی ئێمە لە حەفتەی داهاتوو دەچێتە بەغدا بۆ ئەوەی لەگەڵ كوتلەكانی دیكەی بەغدا دانووستاندن دەست پێبكەن. لە راستیدا من نامەوێت بەردەوام بم لە قسەكردن، دەمەوێت دەرفەتی زیاتر بدەم بە ئێوە بۆ ئەوەی پرسیاری خۆتان بكەن ئەگەر هەتانە. جارێكی دیكەش سوپاس بۆ هاتنان و خۆشحاڵم بە ئامادەبوونتان لێرە.

پەیوەندییەك لەسەر ڕێگای ڕاست

سەرۆك بارزانی لەوەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی ئەوەی دوای ئەم سەردانە چی لە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت ئاماژەی بەوەدا پەیوەندیی نێوان هەردوولا ئێستا لەڕێگەی ڕاستیدایە وگوتی: بێگومان ئەوە ماوەیەكە پەیوەندی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان لەسەر رێگای راستدایە و ئەوەی ئەم سەردانە دەیهێنێتە ئاراوە بەرەوپێشچوونی زیاترە كە دەبێتە هۆی فراوانكردن و پەرەپێدانی زیاتر لەبوارەكانی هەماهەنگییە لە ئاستی جیادا بۆ ئەوەی زیاتر كاریگەرتر و چالاكتر بێت.

لەدژی توندوتیژین

سەرۆكی كوردستان جارێكی دیكە دووپاتیكردەوە ڕژانی خوێنی كوردێك یان توركێك مایەی دڵگرانییە و هەرێمی كوردستان هەمیشە لەدژی توندوتیژییەو گوتی: سەرەتا دەمەوێت بڵێم ئێمە زۆر پێی كاریگەر دەبین و دڵگران و غەمبارمان دەكات كاتێك دەبینین خوێنی هەر هاووڵاتییەكی توركیا دەرژێت جا تورك بێت یا كورد. ئێمە لە دژی توندوتیژی و خوێنڕشتنین. ئێمە زۆر پشتگیری ئەو سیاسەتە دەكەین كە لە لایەن فەخامەتی سەۆرك وەزیرانی توركیا و حكوومەتی توركیاوە دەستی پێ كردووە، سیاسەتی كرانەوە بۆ ئەوەی پرسی كورد لە توركیای پێ چارەسەر بكرێت. هەروەها ئەزموون سەڵماندوویەتی ئەم جۆرە پرسانە ناتوانرێت لە رێی توندوتیژی و رێگای سەربازییەوە چارەسەربكرێن. ئێمە باوەڕمان وایە تا چەند سیاسەتی كرانەوە بەردەوام بێت ئەوەندە زیاتر ئەو هەنگاوانەی نراون كە زۆر جورئەتانە و بوێرانە بووە كە لە لایەن حكوومەت توركیا و بەتایبەتی جەنابی سەرۆك وەزیرانەوە پیادە كراوە، ئەوەندە زیاتر ئێمە لە چارەسەرێكی مەعقوڵ و رێكوپێك نزیك دەكاتەوە. و درێغی ناكەین و ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی بۆ هەموو ئەوانەی دەیانگرێتەوە بە ئەرێنییانەوە وەڵامی ئەم سیاسەتی كرانەوەیە بدەن. ئێمە وەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر پشتیوانی لێ دەكەین. ئەمە سیاسەتی ئێمەیە چونكە ئێمە باوەڕمان وایە شەڕ ئەم كێشەیە چارەسەر ناكات و ئەزموون سەڵماندوویەتی كە دەبێت رێگاچارەی دیكە بدۆزینەوە و ئێمە ئامادەین بۆ دابینكردنی هەرجۆرە پشتیوانییەك یا هەماهەنگییەك كە پێویستە لەگەڵ حكوومەتی توركیا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ ئەم پرسە وئەمە سیاسەتی ئێمەیە.

پاڵپشتیی پرۆژەی هەناردەیی غاز بۆ توركیا

لەوەڵامی پرسیارێك دەربارەی پشتیوانیكردنی پرۆژەی هەناردەیی غاز لەقەتەرەوە بۆ توركیا سەرۆك بارزانی نیشانیدا پشتگیری لەهەر كرانەوەیەكی لەمجۆرە دەكەین نەك تەنها لەقەتەرەوە بەڵكو غازی ئێراق وهەرێمی كوردستانیش دەكرێ بچێتە ئەو بۆڕییە. سەرۆكی كوردستان گوتی: ئێمە زۆر پشتگیری وەها كرانەوەیەك دەكەین نەك تەنها غازی قەتەر بەڵكو ئەو غازەی كە لە ئێراق و لە هەرێمی كوردستانیشدا هەیە بۆ ئەوەی بچێتە ناو ئەم بۆڕییە نەوتییەوە. كارێكی زۆر باش دەبێت بكرێت. ئەمە دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی پەوەندییەكانی هەرێمی كوردستانی ئێراق و توركیا و ئەوروپاش. ئێمە دەتوانن بەڵێن و گەرەنتی ئاسایش و سەقامگیری ئەو بۆڕییە نەوتانە بدەین كە بە هەرێمی كوردستاندا رەتدەبن.

لەوەڵامی جیهان جاندەمیر سەرۆكی كۆمپانیای یوكسێل بۆ بنیاتنان گەشەسەندنی پەیوەندیی ئابوریی نێوان كوردستان وتوركیاو وەبەرهێنانی توركیا لەهەرێمی كوردستان سەرۆكی كوردستان گوتی: بێگومان ئێمە پشتیوانیی ئەو رۆڵەی كۆمپانیا توركییەكان لە ئێراق بە گشتی و لە هەرێمی كوردستان دەكەین. چونكە ئێمە لە بەشەكانی دیكەی ئێراق رووبەرووی كێشەی ئەمنی دەبینەوە، كۆمپانیاكان ناتوانن لەوێ چالاكیی خۆیان ئەنجام بدەن. بەڵام هەرێمی كوردستان كراوەیە بۆ بزنس و من دڵنیام تۆ یاسای وەبەرهێنانی ئێمەت بینیوە و خوێندووەتەوە، كە یاسایەكی كراوەیە، یاسایەكی رێكوپێكە، یاسایەكە لە بەرژوەندی وەبەرهێنەرە كە ئیمتیازات دەبەخشێتە كۆمپانیا و وەبەرهێنەركان. ئێمە دەمانەوێت پێشوازی لەم دەرفەتە بكەین بۆ ئەوەی بزنس بێتە هەرێمەكە. بێگومان، راستی ئەوەی كە كونسوڵگەریی توركیا لە هەرێمدا كراوەتەوە دەبێتە هۆی رەخساندنی هەڵی زیاتری هەماهەنگی بۆ ئەوەی ئێمە بزانین و تێبگەین لەوەی ئەو كۆمپانیایانەی لە لایەن حكوومەتی توركیاوە ناسراون لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە باشتر بناسرێن. ئەمە دەبێتە هۆی پێدانی دڵنیایی و گەرەنتییەك بە ئێمە كە ئەم كۆمپانیایانە دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر بگێڕن بەڵام ئێمە پێشوازی و پشتیوانی لە كۆمپانیای وەها دەكەین.

دانووستانی دوای هەڵبژاردن

سەرۆك بارزانی لەوەڵامی پرسیاری ماری تارێسا هیلال باڵیۆزی كەنەدا لە ئەنكەرە دەربارەی دانوستانەكانی دوای هەڵبژاردنی ئێراق جەختی لەسەر جێبەجێكردن وپابەندبوون بەدەستوور كردەوە بەلانەدان لەهیچ یەك لەخاڵەكانی وگوتی:لە هەڵبژاردن چوار لیستی سەرەكی گەورە سەركەوتن كە لیستەكانی (العراقیە) بە سەرۆكایەتی عەللاوی، لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی مالیكی، ئیئتیلافی نیشتیمانی ئێراقی و هاوپەیمانی كوردستانی. هیچ كام لەم لیستانە نەیانتوانی زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنن كە بتوانێت حكوومەت بەبێ كوتلەكانی دیكە پێك بهێنێت. دەستووری ئێراق دەلێ گەورەترین كوتلە كە زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنابێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت رادەسپێردرێت. هەندێك لە خوێندنەوەكانی ئەم ماددەیە كە لە لایەن دادگای دەستوورییەوە كران دەڵێ گەورەترین لیست مەرج نییە كوتلەی براوەی هەڵبژاردن بێت بەڵكو بەر لە چوون بۆ پەرلەمان یا پێش ئەوەی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان ساز بكرێت، ئەگەر دوو كوتلە بتوانن یەكبگرن و یەك كوتلە پێكبهێنن ئەوە دەبێتە گەورەترین كوتلە، یا گەورەترین كوتلە كە بۆ پێكهێنانی حكوومەت راسپێردرێت. چەند رۆژێك پێش ئێستا، دادگای دەستووری ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسەندكرد. بۆیە تا ئێستا، تا ئەم لەم ساتەوەختە، ئێراقییە گەورەترین كوتلەی براوەیە. بەڵام ئەگەر بەر لە چوونە پەرلەمان، پێش ئەوەی پەرلەمان كۆببێتەوە، ئەگەر لیستی دەوڵەتی یاسا و لیستی ئیتیلافی نیشتیمانی ئێراقی یەكیانگرت ئەوان دەبنە گەورەترین كوتلە. ئەگەر وەك ئێستا بمێنێتەوە، ئەوە دەبێت عەللاوی راسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت. ئەگەر دوو كوتلەی دیكە یەكیان گرت ئەوە دەبێت كاندیدی ئەوان راسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت. ئێمە ئێستا تەنها دوو هەفتەمان ماوە بۆ ئەوەی پەرلەمان كۆببێتەوە بۆیە ئەوە زۆرترین كاتە كە ماومانە. ئێمە وەكو كورد بەردەوام دەبین لە رۆڵگێڕانی خۆمان. رۆڵی ئێمە زۆر ڕوونە بەوەی ئێمە ناچینە ناو هاوپەیمانێتییەكەوە لەگەڵ شیعە بۆ ئەوەی سوننە پەراوێزبخرێن یان دووربخرێتەوە و نە لەگەڵ سوننە هاوپەیمانی دەبەستین بۆ ئەوەی شیعە لاواز بكەین، بەڵكو ئەوەی ئێمە دەمانەوێت هەموومان پێكەوە كار بكەین و لەو حاڵەتەشدا ئێمە رۆڵێكی كاریگەر دەگێڕین. بەڵام ئەگەر لایەنێك بیەوێت لایەنەكانی دیكە پەراوێزبخات یا دووربخاتەوە ئەوە ئێمە نابینە بەشێك لێی.

پاڵپشتیی نەمانی ڤیزا لەنێوان هەرێمی كوردستان وتوركیا

سەرۆكی كوردستان پاڵپشتیی خۆی بۆ نەمانی ڤیزا لەگەشتی نێوان توركیاو هەرێمی كوردستان نیشاندا وگوتی: بێگومان ئێمە پشتگیری لە بۆچوونی لابردنی ڤیزا دەكەین بۆ ئەوەی چی دیكە ڤیزا پێویست نەبێت. بەڵام بێگومان ئەمە بڕیاڕێكە وەزارەتەكانی دەرەوەی هەردوو پایتەخەت، ئەنكەرە و بەغدا، بڕیاری لەسەر دەدەن، بەڵام لە بارەی ئێمەوە ئەوە ئێمە حەزدەكەین لاببردرێت بۆ ئەوەی ببێتە رەخساندنی هەلێكی باشتر بۆ گەشەپێدانی ئاسۆی هەماهەنگییەكان.

پەیوەندیی نێوان ئێراق و دراوسێكانی

 

سەرۆك بارزانی لەوەڵامی پرۆفیسۆر د. مەلیحە ئالتونشك لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئێراق ودراوسێكانی گوتی: سیاسەتی ئێمە روونە ئێمە حەز دەكەین پەیوەندی دراوسێیی باش و دۆستانەمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت و هەروەها پەیوەندییەك بێت كە لەسەر بنەمای هەماهەنگی، لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش و قازانجی هاوبەش بێت. هەروەها ئێمە دەمانەوێت دراوسێكانی ئێراق یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی بەسەر ئەو كێشانەدا زاڵبین و لەو قەیرانانە دەربچین كە رووبەروویان بووینەتەوە. بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نایات كە وڵاتانی دراوسێ دەستوەربدەنە كاروبارەكانی ئێمە لە ئێراق و نەش لە جیاتی ئێراقییەكان بڕیار بدەن. من دەتوانم پێتان رابگەیەنم ئەوەندەی ئێمە ئاگامان لێبێت و چاودێریمان كردبێت و لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخەكەمان كردووە لەوەتەی رووخانی رژێم بەعس لە ئێراق، ئێمە نەمانبینیوە یەك تیرۆریست لە سنوور بپەڕێتەوە لە توركیاوە بۆ ئێراق. ئەم مەسەلەیەش زۆر بەرز رادەگیردرێت لە لایەن خەڵكی ئێراق و خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە چونكە هیچ خوێنێكی ئێراقی نەڕژاوە لە دەرەنجامی تیرۆریستانەوە كە پشتیوانییان لێ كرابێت یاخود چاویان لێ پۆشیبێ كە توركیا وەك رێگایەك بەكاربهێنن، بۆیە ئەو هەڵوێستە جێی دەستخۆشییە. توركیا یارمەتی پێشكەش ئەو كەسانە نەكردووە كە لە سنووری توركیاوە بێنە نێو خاكی ئێراق وچاوی لێیان نەپۆشیوە.

گەشبینی بەئایندەی پەیوەندیی نێوان هەردوولا

لەوەڵامی پرسیاری باڵیۆزی فینلەندا لەبارەی ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان وتوركیا وبینینی سەرۆك بارزانی بەبەردەوامی لەتوركیا، سەرۆكی كوردستان خۆشحاڵیی بەوپێشكەوتنەی پەیوەندیی نێوان هەردوولا نیشانداو گەشبینیی خۆی بەئایندەی پەیوەندیی نێوان هەردوولا نیشانداو گوتی: بە دڵنیاییەوە ئەم سەردانە وای كردووە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا پێ بنێتە قۆناغێكی تازە و ئاستێكی تازەوە. ئەمە زۆر شتێكی ئاساییە بۆ ئێمە كە بێینە ئێرە و براكانمان لە توركیا دێن و سەردانمان دەكەن، ئەمە ئامانجەیەكە و شتێكی ئاساییە. لە كاتێكدا لە راستیدا دوێنێ وەزیری دەرەوە لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەكەدا گوتی ئەوەی ئاسایی نەبێت ئەوەیە سەردان نەبێت. كە سەردان هەبوو، ئەمە شتێكە كە دەبێت ئاسایی بێت و من هاوڕای ئەم قسەیەم.

دەربارەی هەبوونی ناوچەی بازرگانیی ئازادیش سەرۆكی كوردستان گوتی: لە راستیدا ئەم مەسەلەیە لەلایەن هەردوولاوە ئیشی لەسەر دەكرێت. وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كاری لەسەر دەكات.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌