2011-08-02

فازڵ میرانی: پێویستە حكوومەتی ئێراقی بەڕەسمی داوای لێبوردن لەگەلی كورد بكات و بەشێوەیەكی یاسایی قەرەبوویان بكاتەوە

خەبات/بارزان: محەمەد زەنگەنە

دوای 28 ساڵ لەمەینەتی وگریان وشین بۆ لەدەستدانی خۆشەویستانیان، ئەمڕۆ كەسوكاری ئەو شەهیدو ئەنفالكراوانە داوا دەكەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕی جیددیان لێبداتەوە و حكوومەتی فیدرالیش بەشێوەیەكی قانوونی قەرەبۆیان بكاتەوەو چیتر خۆی لەبەرپرسیارێتیی یاسایی خۆی نەدزێتەوەو مامەڵەیەكی مرۆییانەیان لەگەڵدا بكات، كەسوكاری ئەنفالكراوان بەجیددی داوا لەحكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن ئاوەڕیان لێبداتەوە بەتایبەتی لەڕووی دەروونییەوە لانی كەم بۆ كەمكردنەوەی ئەو دڵئێشەیەی لەئەنجامی شەهیدبوونی ئازیزانیان 28 ساڵە لەگەڵیاندایە.

ئەركێكی نەتەوەیی ونیشتیمانی

فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی لەلێدوانێكی تایبەت بەخەبات دووپاتیكردەوە گلەیی وگازاندەی خانەوادەی شەهید و ئەنفالكراوان هەمیشە بەهەند وەردەگیرێت و وئاساییشە ئەگەر گلەیی بكەن وخزمەتی ئەوان ئەركێكی نەتەوەیی ونیشتیمانییە وگوتی: لەوانەیە زۆرجار ئەوە ببیستین گوایە ئێمە تەنها لەساڵیادی ئەنفال كەسوكارو خانەوادەی شەهید و ئەنفالكراوەكانمان دێتەوە یاد ، بەڵێ ئەوە بەشێكی كەمی قسەیەكی واقیعییە بەڵام نەبەواتای ئەوەی ئێمە ئەوانمان فەرامۆش كردبێ بەڵكو جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وهەردوو كابینەی پێنجەم وشەشەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی جیددی چەندین پرۆژەی حەیەوییان بۆ خانەوادەی شەهیدو ئەنفالكراوان جێبەجێكردووەو بەڵام هێشتا زۆر شت ماوە جێبەجێبكرێ ولێرەدا ویست وخواستی ئێمە شتێكی وتوانای حكوومەت وفاكتەری كات شتێكی دیكەیە بەڵام من بەشەخسی هیچ لایەنێك نە ئیجابی نە سلبی من لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا بیستم دەگوترا حكوومەت دەتوانێ شاری گەورەی نیشتەجێبوون دروست بكات بەڵام ناتوانێ خزمەت بەئێمە بگەیەنێت لەكاتێكدا ئەو پرۆژانەی باسیان لێوە دەكرێت پرۆژەی كەرتی تایبەتن وپەیوەندیی بەحكوومەتەوە نییە.

ڕۆشنبیریی یاسای نێودەوڵەتی

سكرتێری مەكتەبی سیاسی دووپاتیكردەوە ئێمە پێویستیمان بە كولتووری یاسای نێودەوڵەتی هەیە بۆ باسكردنی ئەم پرسەو ناچاركردنی حكوومەتی ئێراقی فیدراڵ بۆ قەرەبۆكردنەوەی ئەم خانەوادانەی شەهیدو ئەنفالكراوان وسزادانی ئەو كۆمپانیایانەی چەكیان بەحكوومەتی ئێراقی دەداو گوتی: تائێستاش ئەڵمانیا قەرەبۆی قەسابخانەی هۆلۆكۆست دەكاتەوەو هەمووساڵێك داوای لێبووردنیان لێدەكات، بۆیە پێویستە ئێمە بۆ ئەو مەسەلەیە پەناببەینە بەر كولتووری یاسای نێودەوڵەتی، ئێمە پێویستیمان بەو كولتوورە هەیە. جگە لەوەش من حەز دەكەم ئەوە بخەمە ڕوو ئایا ئێمە نامانەوێ خزمەتی خانەوادەی شەهیدان بكەین؟بێگومان دەمانەوێ بەڵام لێرەدا فاكتەری پلاندانان وكات لەئارادایەو پێویستە ئەم شتانە ڕەچاو بكرێن ، ئێمە هەست بەئێش وئازاریان دەكەین ولەگەڵیاندا دەژین وحكوومەتیش حكوومەتی ئەوانەو لەئەنجامی خوێنی ئەوانەوە دروست بووە بەڵام ئاسان نییە لەكاتێكی كەمدا بۆ هەموویان پرۆژەی خزمەتگوزاری دروست بكرێت چونكە لەیەك شوێندا نین و حكوومەتیش زۆرجار ئەو بودجەیەی نییە بۆ ئەو مەبەستە ئێمە تاوەكو ئێستاش بودجەمان لەبەغداوەیە دێت وزۆرجاریش بەتەاوی نایەت بۆیە دەكرێ كەمێك بەواقیعیانە سەیری ئەو مەسەلەیە بكرێت.

داوای لێبوردن لەگەلی كورد

میرانی دووپاتیكردەوە بەپێی یاسا پێویستە حكوومەتی ئێراقی فیدراڵ وەكو واریسی قانوونیی حكوومەتەكانی پێشووی خۆی داوای لێبوردن لەگەلی كورد بكات وبەشێوەیەكی یاسایی قەرەبۆی كەسوكاری ئەنفالكراوان بكات وگوتی: حكوومەت كەسایەتیی مەعنەویی بەردەوام دەبێت كەكەسایەتیی مەعنەویی كیانی دەوڵەتەكەیە بۆیە بەپێی یاسا تەحەممولی قەرزو كردەوەكانی حكوومەتەكانی پێشوو دەكات، بۆیە من دەڵێم ئەگەر حكوومەتی ئێراق جیاواز بێت لەوەی جاران وئیدیعای دیمكراسییەت بكات پێویستە داوای لێبوردن لەگەلی كورد بكات شتەكە نە عەیبەو نە خۆ بەكەم زانینە.

حكوومەت كاری باشی كردووە

لەلایەكی دیكەشەوە و لەلێدوانێكی تایبەت بەخەبات ئارام ئەحمەد وەزیری كاروباری شەهیود وئەنفالكراوان دووپاتیكردەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارو پرۆژەی زۆر باش وبەجێی بۆ خانەوادەی شەهیدو ئەنفالكراوان كردووەو بەتایبەتی دوای یەكخستنەوەی هەموو دەزگاكانی شەهیدان لەژێر چەتری وەزارەتێكی تایبەتمەند وگوتی: ئێمە هەمیشە بەبەرنامەو پلانی نوێ كار بۆ گەیاندنی خزمەت بۆ خانەوادەی شەهیدان دەكەین و پەنابەخودا ڕێگە نادەین هیچ یەك لەخانەوادەی شەهیدان بێبەش بن لەدەستكەوتەكانمان لەهەموو ڕووەكانەوە بەتایبەتی لەڕووی تەندروستی وپەروەردەیی وئابووریشەوە.

هێنانەوەی تەرمی ئەنفالكراوان

وەزیر دووپاتیكردەوە بارزان هەمیشە قەڵای كوردایەتی و پێگەیەنەری سەركردەو تێكۆشەرو شۆڕشگێڕ بووە بۆیە كە حكوومەتی بەعس بینی بەفڕۆكەو چەكی قورسەوە ناتوانێت هیچ شتێك بكات پەنای بردە بەر ئەنفال وگوتی: ئێمە زۆرچاك لەموعاناتی ئەو خەڵكە تێدەگەین ودەزانین ئەوان چاوەڕوانی هاتنەوەی تەرمی خۆشەویستانیانن وئێمەش لەمبارەیەوە لیژنەیەكمان لەمبارەیەوە پێكهێناوەو پەنا بەخوا بەهەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی ئێراقی فیدراڵ روفاتی پیرۆزی ئەنفالكراوان دەهێنینەوە زێدی خۆیان.

گرنگیدان بەلایەنی دەروونیی كەسوكاری ئەنفالكراوان

عەبدولعەزیز موحسین چالاكوان لەبواری بەرگریكردن لەمافی مرۆڤ وخانەوادەی ئەنفالكراوان كەخاوەنی 57 شەهیدە لەهەڵمەتی ئەنفالی بارزاندا ، دووپاتیكردەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە بەتەواوی ووەكو پێویست دڵنەوایی كەسوكاری شەهیدو ئەنفالكراوان بكات ولەزۆر بواردا بێبەشن ووەكو پێویست خزمەت نەكراون بەتایبەتی لەڕووی دەروونییەوەو گوتی: هیوادارم حكوومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەیەكی وای هەبێت بتوانێت كەسوكاری ئەنفالكراوان قەرەبۆ بكاتەوە بەتایبەتی لەڕووی دەروونییەوە ومن پێشنیار دەكەم دیراسەیەكی لەبارەی كەسایەتیی ئافرەتانی بارزانی بكرێت كەچۆن توانیان لەماوەی 28 ساڵدا منداڵانیان بەخێو بكەن بەبێ ئەوەی كەسێك دەستیان بگرێت ئەمە چ بیرو باوەڕێكە ئەمڕۆش هەموو ئەوان خۆیان بەپێشمەرگە دەزانن چونكە نەك تەنها ئێمە لەبارزان بەڵكو هەموو كوردستان لەهەڵەبجە لەبالیسان وبادینان وشێخ وەسانان لە4500 لادێی تێكدراو تەنها بۆ ئەوە غەدرمان لێكراوە كەكوردین گەلی كوردیش هەمیشە قوربانیی داوە بەتایبەتی بارزانییەكان كەسەد ساڵ لەمەوبەر شێخ عەبدولسەلامی تیادا لەسێدارە درا بۆیە پێویستە ئەمڕۆ جەخت لەسەر ئەو كوردایەتییە بكەینەوەو هەرچی خزمەتە بەم خانەوادانە بگەینرێت.

گەیاندنی خزمەتی زیاتر

لەلایەكی دیكەوە مەعاف مەناف كە خاوەنی 48 شەهیدە لەخانەوادەكەی خۆیدا بۆ خەبات دووپاتیكردەوە تاوەكو ئێستاش برینی ئەنفال لەدەروونی هەموو ئەو خانەوادانە ماوەتەوە كە ئازیزانیان لەدەستداوە بەدەستی دوژمنی كورد وداواشیكرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان وسەركردایەتیی سیاسی تەنها لەساڵیادی یادكردنی ئەم كارەساتە نەیەنە لایان بەڵكو هەموو كاتێك لەیادی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستاندا بن وگوتی: داوا دەكەین حكوومەتی هەرێمی كوردستان چاو بە كارو بەرنامەكانی خۆیدا بخشێنێت بۆ خزمەتگەیاندن بەم خانەوادانە من ناڵێم حكوومەت هیچی نەكردووە بەڵام ناكرێ لەدەستدانی 8000 كەس بەچەند كاتژمێرێك باس بكرێت بەڵكو دەكرێ حكوومەت هەمیشە بۆ نەوەكانی ئەم گەلە باسی بكات ووەیادیان بهێنێتەوە.

با لەیاد نەكرێین

كەسوكاری شەهیدان وئەنفالكراوان داوایان لەحكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بەزووترین كات ئاوەڕدانەوەیەكی جیددیان لێبدرێتەوە بەتایبەتی لەڕووی تەندروستییەوە كەزۆربەیان لەبارودۆخێكی نەویستراوی تەندروستیدا دەژین.

خاتوو لەیلا عەلی نیشانیدا ماوەی 28 ساڵە كاردەكات و تووشی چەندین نەخۆشی هاتووەو پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕی لێبداتەوەو ناكرێ بەمشێوەیە فەرامۆش بكرێت وگوتی: من هەموو كارێكم كرد كەڕەنگە لەگەڵ تاقەتی خۆم نەگونجێت بەڵام هەر كارم كرد و لەشینایی ولە كرێكاری و لەخاوێنكردنەوە ئەمڕۆش تووشی چەندین نەخۆشی بوومەو ناتوانم وەكو جاران بجووڵێمەوە.

 

هەروەها خاتوو ئامینە كە 4  لەمنداڵەكانی لەبەردەم خۆیدا بردران لەڕۆژی هەڵمەتی بەدناوی ئەنفالی بارزاندا نیشانیدا واخەریكە چاوەكانی لەدەستدەدات چونكە ماوەی 28 ساڵە دگرێیت بۆ منداڵەكانی وداوای كرد لایەنی پەیوەندار ئاوڕێكی لێبدەنەوە وگوتی: بەم تەمەنە گەورەیەی خۆمەوە ناتوانم هەموو كارێكی بكەم ومن 28 ساڵە بۆ 4  كوڕەكەم دەگریم هیوادارم شتێكم بۆ بكەن چونكە بەتەنیا ناتوانم هیچ شتێك بكەم وخەریكە چاوەكانیشم لەدەستدەدەم.

 
چاپکردن   Share گه‌ڕانه‌وه‌