گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێكی نوێی ڤایرۆسێكەوە"كۆرۆنا" بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، وەزارەتەكەیان زانیاری بە دەستگا تەندروستییەكانی داوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی كاری پەتاگەری و خێرا بەمەبەستی بەرگرتن لە بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە. لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ دووشەممە ساز درا، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێم، د. خاڵس قادر، ڕایگەیاند، كە ئەگەرچی هێشتا هیچ حاڵەتێكی هەڵگری ئەو ڤایرۆسەی كە بە "كۆرۆنا" ناو دەبرێت لە هەرێمی كوردستاندا نییە، بەڵام بەو هۆیەوەی كە وڵاتانی دراوسێی عێراق وەك عەرەبستانی سعوودیە و ئەردەن و هەروەها لە ئیمارات و قەتەریشدا هەیە، وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێم ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتە بەر و زانیاری بە دەستگا تەندروستییەكانی داوە بۆ دەستكردن بە كاری پەتاگەری و خێرا دۆزینەوەی هەر نەخۆشێك كە گومانی هەڵگرتنی ڤایرۆسەكەی لێ بكرێت. د. خاڵس قادر گوتیشی كە هاوكات ڕێوشوێنی خۆپارێزیی پێویست لە دەستگا تەندروستییەكان دەگیرێتە بەر و لیژنەی تایبەت بە ئەنفلەوەنزای پەتایی چالاك دەكرێتەوە، ئەمەیش لەپێناو دڵنیابووەن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، تائێستا 40 حاڵەتی چەسپێندراو بە تاقیگە تۆمار كراون و زۆربەیان لە وڵاتی سعوودیەن و هەروەها 2 حاَلەت لە ئەردەن، 2 لەقەتەر، ئیمرات 1 و لە بەریتانیایش 2 و لە فەرەنسایش حاڵەتێك هەیە؛ كە 20 نەخۆش بە هۆیەوە مردوون و زۆربەیشی نەخۆشەكانیش لە ڕەگەزی نێرن و تەمەنیان لە نێوان 24- 94 ساڵیدایە. |