خەسرەو گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە بارەگای دەزگا پێشوازى لە ئێلڤس ژووتچ ، بەڕێوەبەرى گشتى پەیمانگاى دیموکراسی نیشتمانى کرد. لە دیدارێکدا باس لە دوا پێشهاتە سیاسییەکانى سەر گۆڕەپانى سیاسی عێراقى و کوردستانى کرا ، هەروەها پرسی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکانى هەرێمى کوردستان کە بڕیارە لە مانگى ئەیلولی ئەمساڵ ئەنجامبدرێن هاتە تاوتوێکردن. لەو بارەیەوەش بەڕێوەبەرى پەیمانگەى ناوبراو پاڵپشتى خۆى بۆ ئەو پرۆسە گرنگە نیشاندا و ئامادەیی پەیمانگاکەى دەربڕى بۆ هاوکارى و هەماهەنگى کردنى دەزگاى هەڵبژاردن و ئەمەى بە ئەرکى سەرەکى پەیمانگا لە قەڵەمدا. لە بەرانبەردا خەسرەو گۆران سوپاسی خۆى ئاراستەى بەرێوەبەرى پەیمانگاى دیموکراسی نیشتمانى کرد وئاماژەى بە رۆڵى بەرچاویانی کرد لە هەولە بەردەوامەکانیان بۆ بڵاوکردنەوەى دیموکراسیەت و گوتى: سەرکردایەتى سیاسی کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان هەمیشە هەڵگرى دروشمى دیموکراسیەت بوونە بۆ عێراق و ئێستەش بە هاوکاری دۆست و برادەرانى وەک ئێوە بەردەوام دەبین لەو ئەرکەمان. جێی باسە پەیمانگای دیموکراسی نیشتمانى پەیمانگەکى نێودەولەتییە و کار دەکات لە گەڵ پارت ولایەنە سیاسییەکانى دیموکراتخواز لە جیهاندا لە پێناو بڵاوکردنەوە و بەهێزکردنى دیموکراتییەت لە سەرانسەرى جیهاندا. |