ئەمڕۆ، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە خاتوو لیندال ساكس باڵیۆزی ئوسترالیا لە عیراق و شاندی یاوەری كرد كە بەمەبەستی پتەوكردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەكان سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردبوو. لە كۆبوونەوەیەكدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوو، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەكەی ناوبراو دەربڕی و پاشان پوختەیەكی لە كارو چالاكیەكانی فەرمانگە لە چوارچێوەی سیاسەتی كرانەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رووی ووڵاتان پێشكەش كرد. باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق ستایشی كارو هەنگاوەكانی حكومەتی كرد بۆ پتەوكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ دونیای دەرەوەو دروستكردنی رەوشێكی سەقامگیرو ئارام و بایەخدان بە ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری، كە وای كردووە سەرمایەدارانی بیانی كاری وەبەرهێنان لە هەرێم ئەنجام بدەن. باڵیۆزی ئوسترالیا گووتی ئامانج لەسەردانەكەمان ئاشنابوون و لە نزیكەوە كاركردنە بۆ دەستەبەركردنی هەلی كار بۆ كۆمپانیا ئوسترالیەكان بۆ ئەوەی بێن لەنزیكەوە بەشداری لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستاندا بكەن، بەتایبەتی لە بواری نەوت و ووزە و ئاسن و ستیل دا وەكو دەروازەیەك بۆ بەشەكانی تری عیراق. |