ئەحمەد تورک: کێشەمان لەگەڵ تورکچێتی و میلـلەتی تورک نییە
هۆشیار زێباری: حكوومەتی عێراق لە زۆر دۆسێدا شكستی هێناوه‌
ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانه‌ له‌ رێگری كردن له‌ ده‌ربڕینی ڕای ئازاد له‌ میسر

PDF Newspaper
Issue :
4325
Date:
2013-05-22
زیاتر بخوێنه‌وه‌

له‌ 2 مانگی داهاتووه‌وه‌ ، لە هەولێر ڤیزای ئەمریكا دەدرێت بەهاووڵاتیان

 بەرپرسی كاروباری ئابووری لە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر ئاشكرای دەكات، لە 2 مانگی داهاتوودا بەشی پێدانی ڤیزا لە كونسوڵخانەكە دەكەنەوە و هاوكات رایدەگەیەنێت چ لە كوردستان و چ لە ئەمریكا، كار دەكه‌ن بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان كۆمپانیا ئەمریكی و كۆمپانیا كوردیەكاندا.
بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی، پێشوازیكرد لە لورنس كوین، بەرپرسی كاروباری ئابوری لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر.
پارێزگاری سلێمانی روونی كردەوە  كوردستان جێگەیەكی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان و كاتی ئەوە هاتووە كۆمپانیا ئەمریكییەكان زیاتر روو لە هەرێم بكەن و ئەوانیش بەشدار بن لەو پرۆسەی وەبەرهێنانەی دەستی پێكردووە.
لەبەرامبەردا بەرپرسی ئابووریی كونسوڵخانەی ئەمریكا رایگەیاند چ لە هەرێمی كوردستان و چ لە ئەمریكا كاری جدی دەكات بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندی لەنێوان كۆمپانیاكانی هەرێم و كۆمپانیاكانی ئەمریكا.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا بەرپرسی ئابوری كونسوڵخانەی ئەمریكا ئاشكرای كرد كە لە دوو مانگی داهاتوودا بەشی ڤیزا لە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر دەكرێتەوە و هاووڵاتیان دەتوانن ڤیزای ئەمریكا وەربگرن.

PNA

میسر .. ئه‌و 7 سه‌ربازه‌ی كه‌ له‌ دوورگه‌ی سینا رفێنرابوون؛ ئازاد كران

ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د گوته‌بێژى سه‌ربازى هێزه‌كانى سوپاى میسر له‌ لێدوانێكدا ئازادكردنى ئه‌و حه‌وت سه‌ربازه‌ى سوپاى وڵاته‌كه‌ى راگه‌یاند كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو له‌ دورگه‌ى سیناى میسر رفێندران.

وه‌ك ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند: له‌ ئه‌نجامى خستنه‌گه‌ڕى هه‌وڵه‌كانى ده‌زگا هه‌واڵگرى میسر به‌ هاوكارى سه‌رۆك هۆزه‌كانى ناوچه‌ى دورگه‌ى سینا، ئه‌و حه‌وت سه‌ربازه‌ى میسر له‌لایه‌ن رفێنراوه‌كان ئازاد كران و گوتیشى: حه‌وت سه‌ربازه‌كه‌ به‌ ته‌ندروستیه‌كى باشه‌وه‌ گه‌ڕانه‌ته‌وه‌ قاهیره‌ و هاوكات سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ده‌روازى ره‌فحى سنوورى نێوان میسر و كه‌رتى غه‌ززه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو به‌ هۆى رفاندنى حه‌وت سه‌ربازه‌كه‌ى میسر له‌لایه‌ن حكوومه‌تى میسره‌وه‌ داخرا.

پێنج یاریزانی هەولێر بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەكرێن

دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەی عێراق بەفەرمی بانگهێشتی 33 یاریزانی كرد بۆ ئەوەی بەشداری لە مەشقەكانی هەڵبژاردەی عێراق بكەن بەمەبەستی خۆئامادەكردن بۆ یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی 2014  لەم لیستە پێنج یاریزانی هەولێر بانگهێشتی هەڵبژاردەكە كراون، ئەوانیش: ئەمجەد رازی، هەڵگورد مەلا محەمەد، جەلال حەسەن، هەردی سیامەند، سەعد عەبدولئەمیر. جێگەی باسە هەڵبژاردەی عێراق بەشداری لە قۆناغی كۆتایی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهان و رووبەرووی هەڵبژاردەی شانشینی عوممان دەبێتەوە.