له‌شارى هه‌ولێر یه‌كێتى نووسه‌رانی كورد كۆرێكى بۆ دكتۆر فواد حسین سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌ژێر ناونیشانى كوردستان له‌روانگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێو ده‌وڵه‌تى سازكرد. له‌و كۆره‌دا كه ژماره‌یه‌ك له سیاسه‌تمه‌داران و رۆشنبیران و نووسه‌ران ئاماده‌بوون، دكتۆر فواد حسین باسى له قۆناغه جیاجیاكانى شۆرشى كورد و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر دروستكردنى رۆژگارى ئه‌مرۆ كرد ، تایبه‌ت به‌بوارى په‌یوه‌ندیه‌كانیش له‌سه‌ره‌تاى شۆرشه‌كانه‌وه ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد كه ئه‌وكات په‌یوه‌ندیه‌كانى كورد به‌دونیاى ده‌ره‌وه په‌یوه‌ندیه‌كى ساده‌و ساكار بووه، یان له‌رێگه‌ى ژماره‌یه‌ك گه‌ریده‌و رۆژنامه‌نووس بووه یاخود له‌رێگه‌ى رێكخراو گه‌لى مافى مرۆڤه‌وه، ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له‌ى كوردیش ئه‌و كات وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كى مرۆیى ته‌ماشا كراوه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى خسته‌روو كه كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و كۆڕه‌وه ملیۆنیه‌كه‌ى خه‌ڵكى كوردستان به وه‌رچه‌رخانێكى گرنگ له‌مێژووى كوردا داده‌نرێن كه قه‌زیه‌ى میلله‌تى كوردى وه‌ك میلله‌تێكى چه‌وساوه‌ى سته‌ملێكراو به دونیا ناساند، له‌دواى رووخانى رژێمى به‌عس و گێڕانى رۆڵێكى ئه‌كتیڤ له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تى كورده‌وه له به‌غدا، ئیتر بارودۆخه‌كه پێى نایه قۆناغێكى نوێوه و هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكى ده‌ستوورى په‌یوه‌ندیه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ دونیاى ده‌ره‌وه په‌ره پێداو به هۆى كاریگه‌رى سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد و رۆڵى جالیه‌ى كورد له‌ده‌ره‌وه و به‌هێزى ئابوورى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى دواى ده‌رهێنانى نه‌وت، په‌یوه‌ندیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان رۆژ دواى رۆژ گه‌شه ده‌كات. |